مەسرور بارزانی: گرنگیی بە شوێنەوارەکان دەدەین

ڕۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری پڕشکۆی پارتیدا لە پارێزگای دهۆک، جەختی لە بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای کرد هاووڵاتییان بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی گەشتر، پشتیوانی لە لیستی 275 بکەن.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا، گرنگیی بە کەرتی گەشتوگوزار دا و ڕایگەیاند: لە کەرتی گەشتوگوزاری کوردستان، شوێنی گەشتیاریی زۆر سەرنجڕاکێش هەن، بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە گرنگییەکی تایبەت بەو ناوچە گەشتیارییانە بدات، چونکە دەبینن چەندین پڕۆژەی گەورە لە ئاستی تەواوی کوردستان، بەبێ جیاوازی، جێبەجێ کراون.

کوردستان و پێشڤەچوون لە ڕێگاوباندا

جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و قۆناغی پێشکەوتنی هەرێم لەم بوارەدا، مەسرور بارزانی گوتی: پڕۆژەکانی ڕێگە و پرد، ئەگەر بەراوردێکی هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق بکەن، دەبینن هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەم پڕۆژانەش بەردەوام دەبن بۆ دابینکردنی ئاسانکاری و سەلامەتیی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان، ئەو پڕۆژانە جێبەجێ کراون، هێشتاش پرۆژەی دیکە هەن و جێبەجێ دەکرێن.

پڕۆژەی هەژماری من و بوژانەوەی ئابووری

سەبارەت بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، پڕۆژەی هەژماری منـی بە "گرنگ ناوبرد و گوتی: پڕۆژەی هەژماری من زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان،ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان ببنە خاوەنی پڕۆژە و کاری خۆیان، یان بتوانن قەرزی بانکی وەربگرن و سوودێکی زیاتر لەو سیستەمە بانکییەی حکوومەتی هەرێم پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، وەربگرن.

داوای بەردەوامبوونی متمانە

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە متمانەی جەماوەر بە پارتەکەی دا و داوای بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی کرد، گوتی: ئومێدی ئێمە ئەوەیە ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن، بە پشتیوانیی ئێوە بەردەوام بن.

لەبارەی پەیمانی خزمەتکردنەوە، مەسرور بارزانی گوتی: ئەم باوەڕەی ئێوە بە ئێمەی دەبەخشن، وامان لێ دەکات ئەو ئەمانەتە بپارێزین و لە خزمەتی ئێوە بین، ئێستا داوای ئێمە لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر جارێکی دیکە باوەڕی خۆتان بە ئێمە ببەخشن، بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی ئێوە.

لە کۆتاییشدا، مەسرور بارزانی باسی لە قوربانییەکانی پارتی و بەرنامەی داهاتووی کرد و دووپاتی کردەوە، پارتی قوربانیی زۆری داوە و ئێستا دەستکەوتی زۆری هەیە کە پێشکەشی ئێوەی کردووە، پارتی بۆ داهاتوو بەرنامەی زۆر زیاتری هەیە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی خۆمان و بەهێزکردنی کوردستانی خۆمان، داواشی لە جەماوەر کرد کە بۆ بەدەستهێنانی ئایندەیەکی گەشتر و ڕووناکتر، دەنگ بە لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بدەن، کە گەرەنتی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان دەکات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment