مەسرور بارزانی: حکوومەتی فیدراڵ ڕێگریی لە دامەزراندنی گەنجانی کوردستان دەکات

ڕۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری پارتیدا لە پارێزگای دهۆک، ڕەخنەی لە یاسایەکی حکوومەتی فیدراڵ گرت کە ڕێگری لە دامەزراندنی گەنجانی دەرچووی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختی کردەوە کە پارتی لە بەغدا بەهێز دەبێت بۆ گۆڕینی ئەو یاسایە.

مەسرور بارزانی، کە بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 275ی پارتی قسەی دەکرد، ئاماژەی بە خواستی گەنجانی کوردستان بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتی یان تایبەتدا کرد و گوتی: بۆ ئەوەی لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن، پێویستە یاسایەک لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە بگۆڕدرێت، بەڵام لە ئێستادا، حکوومەتی فیدراڵ بە یاسایەک ڕێگریی لە دامەزراندنی خەڵکی کوردستان و گەنجانی دەرچوو دەکات.

مەسرور بارزانی بە پێویستی زانی کە ئەو یاسایە هەڵبگیرێت و دووپاتی کردەوە، پرسی نەهێشتنی ئەم یاسایە ئەرکی سەرەکی کاندیدانی پارتییە لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەو داوای کرد: پێویستە کارێک بکرێت کە لە پەرلەماندا بە یەک چاو سەیری هەموو خەڵکی عێراق بکرێت، بە جۆرێک خەڵکی کوردستانیش سوود لە دامەزراندن وەربگرن و ڕێگەی گونجاو بۆ ئەو کەسانەی پێویستە لە کەرتی گشتی دابمەزرێن، بدۆزرێتەوە.

گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و ئاوەدانکردنەوەی وڵات

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی پارتی لە کەرتی تایبەتدا کرد و ڕوونی کردەوە کە، پارتی نەوەستاوە و گرنگیی زۆری بە کەرتی تایبەت داوە، چونکە "دەرفەتی کاری زۆر لە کەرتی تایبەتدا هەیە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی داوای لە گەنجانی کوردستان کرد کە ئامادەبن بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆیان و پەیامی بەهێزبوونی پارتی بە جەماوەر گەیاند و گوتی: کەس وڵاتی ئێمە ئاوەدان ناکاتەوە ئەگەر خۆمان نەبین، کەسیش پشتیوانیی ئێمە ناکات ئەگەر خۆمان بەهێز نەبین، لەبەر ئەوە، هێزی کوردستان لە بەهێزیی پارتیدایە، هێزی پارتیش لە ئێوەدایە، بۆیە بەهێز بن، سەرکەوتوو بن، پارتی سەرکەوتوو بێت، بەمەش کوردستان سەردەکەوێت.

 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment