پوتن میدالیای پووشکینی بەخشییە پرۆفیسۆر ڕەشاد میران
پرۆفیسۆرێکی بواری ئەدەب و کۆمەڵناسی وەک یەکەمین کورد میدالیای پووشکینی تایبەت بە بوارەکانی کولتووری و هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەکان لەلایەن سەرۆکی ڕووسیاوە پێ بەخشرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـە تشرینی دووەمی 2025 کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی (ڕۆژی یەکگرتوویی نیشتمانی) لە وڵاتی ڕووسیا، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو. ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا میدالیای پووشکینی بە زانا و کەسایەتی ناوداری کورد و کوردستان پرۆفیسۆر ڕەشاد میران بەخشی.
ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1999ـەوە پێشکەش بەو کەسایەتییانە دەکرێت کە لە بوارەکانی کولتووری و هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشداری کاریان هەبووە لە لێکۆڵینەوە و پاراستن و بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕووسیا.
پرۆفیسۆر ڕەشاد میران بووە یەکەم کەس لە ناو کورددا کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت و لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی سەرۆکی ڕووسیای کرد و گوتی: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنەیە تایبەتەدا ئەو میدالیایەم پێ دەبەخشرێت، جێگەی شانازییە کە کار و هەوڵەکانی من وەک زانایەکی نەژادناس لەلایەن ڕووسیای بایەخیان پێدراوە.
دەشڵێت: کوردستان و ڕووسیا پەیوەندییەکی بەهێز و مێژووییان هەیە، من لای خۆمەوە هەمیشە پشتیوانیم لەو دۆستایەتییە کردووە، هاوکات هیوادارم وەک هەمیشە بتوانم لە هەماهەنگی و پەیوەندیدا بم لەگەڵ نوێنەرایەتی کونسوڵی ڕووسیا و لە ڕووی مێژوویی و نەژادناسییەوە سوودیان پێ بگەیەنم.
هەروەها پرۆفیسۆر ڕەشاد داوایەک لە سەرۆکی ڕووسیا دەکات و ئاماژەی دا، دەمانەوێت پەرتووک و گۆڤار و ڕۆژنامەی زیاتر لەسەر کورد و کولتووری کورد لە ڕووسیا هەبێت، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ زمانی ڕووسی بەردەوام بێت.
لە کۆتاییدا ڕەشاد میران بە هەر دوو زمانی ڕووسی و کوردی سوپاسی ڤلادیمیر پوتنی کرد.
هەروەها یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر، ڕاگەیەندراوێکیان لەوبارەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، سەرۆکی ڕووسیا، لە کۆشکی کرێملن، خەڵاتی (پووشکین)ی بە پرۆفیسۆر ڕەشاد میران بەخشی؛ باسیشی لەوە کردووە، ڕەشاد میران یەکەمین زانای کوردە ئەو خەڵاتەی وەرگرتبێت، پیرۆزبایی لێ دەکەن.
هاوکات، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەناوی پارێزگای هەولێرەوە، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی (پووشکین) پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆر ڕەشاد میران دەکات، کە لە کۆشکی کرملێن لەلایەن ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاوە ئەو خەڵاتەی وەک یەکەمین کورد لە بواری ئەدەب و کۆمەڵناسی پێبەخشرا.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بە هادارە، کە ساڵانە کرێملن دەیبەخشێت، بە دەستکەوتێکی گرنگ دەزانین بۆ گەلەکەمان و دووبارە پیرۆزبایی لێ دەکەین.
