ژیریی دەستکرد: بەشێک لە بەکارهێنەرانی Chat GPT نیشانەی شێواوی دەروونییان لێ دەرکەوتووە

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای داتایەکی نوێی لە بارەی بەکارهێنەرانی چات جی پی تی بڵاو کردەوە کە دەریدەخات بەشێک لە بەکارهێنەرانی چات جی پی تی لە کاتی بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییە نیشانەی کێشە دەروونییەکانی وەک شەیدایی، دەروون شێواوی یا بیری خۆکوشتنیان لێ دەرکەوتووە.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە: نزیکەی 7% لە بەکارهێنەرە چالاکەکانی چات جی پی تی لە هەفتەیەکی دیاریکراودا ئەم نیشانانەیان لێ دەرکەووتوە، کە بەڕای چاودێران تەنانەت ڕێژەیەکی کەمی لەوجۆرەش یەکسانە بە سەدان کەس، چونکە بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ژمارەی بەکاربەرانی چات جی پی تی لە هەفتەیەکدا نزیکەی 800 ملیۆن کەس دەبێت.

سیم ئاڵتمان، بەڕیوەبەری کۆمپانیاکە باسی لەوە کرد، بەهۆی زیادبوونی نیگەرانی ڕای گشتی لەسەر کاریگەرییەکانی گفتوگۆی مرۆڤ لەگەڵ ژیری دەستکرد، کۆمپانیاکە تۆڕێکی فراوانی ڕاوێژاکاری و ڕێنمایی دەروونی لەسەرتاسەری جیهان پێکهێناوە کە زیاتر لە 170 دەروونناس و پزیشکی گشتی چالاک لە 60 وڵاتی جیاواز لەخۆدەگرێت.

ئەم پسپۆڕانە، کۆمەڵێک وەڵامی پێشوەختەیان بۆ پرسیارە پێشبینیکراوەکان داوەتە چات جی پی تی تاوەکو هانی بەکاربەران بدەن لە دونیای ڕاستەقینەدا بەدوای هاوکاری بگەڕێن.

دکتۆر جێنسن نێگاتا، مامۆستای زانکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە توێژەری بواری کاریگەری تەکنەلۆژیایە لەسەر گەنجان، دەڵێت: هەرچەندە ڕێژەی %7 بچوک دەردەکەوێت بەڵام لە کۆی ئەو سەدان ملیۆن بەکاربەرەی کە چات جی پی تی بەکار دەهێنن، ژمارەکە جێگای هەڵوەستەیە.

بە گوتەی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای نزیکەی 0.15% ی بەکاربەران لە گفتوگۆکانیاندا نیشانەی ئاشکرای پلان و ویستی خۆکوژییان لێ دەرکەوتووە، ئێستاش ئەپدەیتە نوێیەکانی وەها دیزاین کردووە کە بتوانێت بەشێوەیەکی پارێزراو نیشانەکانی خەیاڵاوی بوون، مەترسی ئازار گەیاندن بە خود یان خۆکوژی بناسێتەوە.

ئەم هەوڵانەی ئۆپن ئەی ئای لە کاتێکدایە کۆمپانیاکە بەهۆی شێوازی مامەڵەی چات جی پی تی لەگەڵ بەکاربەران لە ژێر فشاری یاسایی دایە و خیزانێکی ئەمەریکی  دوای مردنی کوڕە هەرزەکارەکەیان سکاڵایان دژی کۆمپانیاکە تۆمار کردووە بە بیانووی ئەوەی چات جی پی تی هانی کوڕەکەیانی داوە بۆ خۆکوشتن.

پروفیسور رۆبن فیلدمان ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی یاسا و داهێنانی ژیری دەستکرد پێی وایە ئۆپن ئەی ئای شایانی ڕێزلێنانە چونکە ئامارەکانی بڵاوکردوەتەوە و هەوڵی چارەسەری کیشەکانی دەدات بەڵام هۆشداری دەداتە لەوەی هەوڵەکان بەرامبەر کەسێک کە لە دۆخێکی دەروونی  مەترسیدار دابێت بێ ئەنجام دەبن.

 
 
Fly Erbil Advertisment