زەوی بەسەر فەرمانبەرانی بنەسڵاوە دابەشدەکرێت
سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە ڕایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی ڕەزامەندی پێدانی زەویان وەرگرتووە، پارچە زەوییەکی 200 مەتریان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی بنەسڵاوە، ئێستا سەرجەم ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بە سەر فەرمانبەرانی شارۆچکەی بنەسڵاوە تەواو بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی پلان و نەخشەی دیاریکراو، وا بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا سەرجەم فەرمانبەران کە ژمارەیان نزیکەی پێنج هەزار فەرمانبەرە پارچە زەوییەکی 200 مەتریان پێدەدرێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکەش لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
