یەکەم سزای لەسێدارەدان لە سووریا دەرچوو
دادگای تاوانەکانی پارێزگای دێرەزوور لە سووریا سزای لە سێدارەدانی بۆ یوسف دەحام دەرکرد، کە تاوانباربوو بە دەستدرێژیکردن و کوشتنی کچێکی هەشت ساڵان بەناوی ئیسرا.
ئەم تاوانە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر ڕووی داوە، تاوانبارەکە منداڵەکەی لەبەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی خانەوادەکەی ڕفاندووە، دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری کوشتوویەتی و تەرمەکەی سووتاندووە، بۆ شاردنەوەی شوێنەواری تاوانەکەشی تەرمە سووتاوەکەی فڕێ داوەتە یەکێک لە ئاوەڕۆکەنای گوندەکە. ئاشکرابوونی تاوانەکە بووە هۆی توڕەییەکی زۆری خەڵکی ناوچەکە.
وەزارەتی دادی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، کێشەکە بۆ دادگای تاوانەکان نێردراوە و لەلایەن پارێزەری گشتییەوە داوای خێرایی لە ئەنجامدانی پرۆسەی دادگاییکردنەکە کرا، بۆیە تەنیا دوای بەڕێوەچوونی سێ دانیشتنی دادگا، دۆسیەکە یەکلا کرایەوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، تیمە تایبەتەکانی پارێزگای دێرەزوور لە دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان توانییان وردەکارییەکانی تاوانەکە ئاشکرا بکەن، لە لێکۆڵینەوەکاندا تاوانبارەکە دانی پێدا ناوە کە بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندیی خزمایەتی نێوانیان، ئیسرای بردووە بۆ ماڵی خۆی و تاوانەکەی ئەنجام داوە.
ئەمەش یەکەم سزای لە سێدارەدانە لە دادگاکانی سووریا دەردەچێت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024.
