زانکۆی سەلاحەددین خولێکی نوێی پێداگۆجی ڕاگەیاند
سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەكادیمی زانکۆی سەلاحەددين لە هەولێر 14 هەمین خولی ڕاهێنانی پێداگۆجی ڕاگەیاند و ئاگاداری سەرجەم هەڵگرانى بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەکاتەوە، ئەوانەى خوازيارى بەدەستهينانى نازناوى زانستين بۆ ئەوەی بەشداری لەم خولەدا بکەن.
وەلا غازی، بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی سەلاحەددین تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: ماوەی دوو ڕۆژە فۆرمەکە بەردەستە بۆ خوازیاران، بەڵام کاتی داخستنی فۆرمەکەی ئاشکرا نەکرد و گوتی: ژمارەیەکی دیاریکراو وەردەگیرێن، کە تەنیا خۆمان دەزانین چەندە و ئاشکرای ناکەین.
گوتیشی: هەرکاتێک ئەو ژمارە قوتابییە داواکارییان پێشکەشکرد فۆرمەکە دادەخرێت کە لە ڕێگەى لینکى فۆڕمى ئەلکترۆنى Online Application دەتوانن ناویان تۆمار بكەن.
گوتیشی: هەر کەسێک هەڵگری بڕوانامەی ماستەر یاخود دکتۆرا بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانێت داواکاری بەشداربوون لەم خولەی پێداگۆجی پێشکەش بکات، بە مەرجێک بڕوانامەکەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کرابێت.
لەبارەی ئەو کەسانەی بڕوانامەیان لە زانکۆکانی دەرەوەی هەرێم وەرگرتووە، وەلا غازی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەوان دەبێت هاوتاکردنی بڕوانامە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بکەن، دواتر دەتوانن داواکاری بۆ بەشداربوون لە خولی پێداگۆجی پێشکەش بکەن.
پێداگۆجی بریتیە لە ڕێگاکانی وانە وتنەوە بە شێوازێکی مۆدێرن و مەرجێکی سەرەکی وەرگرتنی نازناوی زانستییە بۆ ئەو کەسانەی هەڵگری بروانامەی ماستەر یاخود دکتۆران و دەیانەوێت ببنە مامۆستای زانکۆ.
بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی سەلاحەددین ڕاشیگەیاند: لە 2018-2019ـەوە، ئەمە چواردەیەمین خولی پێداگۆجیە کە لەلایەن سەنتەرەکەیانەوە دەکرێتەوە و بڕیارە لە بەیانیاندا بەڕێوە بچێت، ئاماژەشیدا، بەگوێرەی داواکارییەکان، خولی نوێ دەکەنەوە، پلانیان هەیە دوای دوو هەفتەی دیکەش خولێکی نوێی پێداگۆجی ڕابگەیەنن.
کوردستان 24 زانیوییەتی، لیستى ناوى ئەو کەسانەی له خولى 14ی بەیانیان وەردەگیرێن دوای دوو هەفتە لە پێشکەشکردنی داواکارییەکەیان بڵاودەکرێتەوه، ئەوانەی بەنیازن بەشداری لە خولەکە بکەن، پێویستە ئەم بەڵگەنامانە ئامادە بکەن:
- کۆپیەکی ڕەنگاوڕەنگی پاسپۆرت
- دوو وێنەی كەسی
- کۆپیەکی ڕەنگاورەنگی دوا بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا کە پەسەندکرابێت.
- بروانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی بە مەرجێک سێ ساڵ بەسەر بڕوانامەەدا تێپەر نەبوو بێت.
