دەستەی گەشتوگوزار: کۆڕنیشی ڕێڕەوی ژیان رێژەی هاتنی گەشتیاران زیاد دەکات
گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەی ڕێڕەوی ژیان دەبێتە ئەنجامدانی دەیان چالاکی گەشتیاری لەو شوێنە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دروستکردنی کۆڕنیشی ڕێڕەوی ژیان لە هەولێر دەبێتە یەکێک لە جوانترین و باشترین ئەو پرۆژانەی کراون بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی: کردنەوەی ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی زیاتر ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ هەولێرێ پایتەخت و دەچێتە ڕیزی شارە مۆدێرنەکان بەتایبەت لەگەڵ تەواوبوونی پشتێنەی سەوزایی.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، ئاماژەی بە وە دا، لە ڕێڕەوی ژیان، دەتوانرێت ژمارەیەک چاڵاکی گەشتیاری گرنگی لێ بکرێت، وەکو فێستیڤاڵی گەورە و شوێنی خێزانی و یاری منداڵان و ئەمە جگە لەوەی خێزانەکان دەتوانن لێی بحەسێنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کار و پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمە بۆ کەرتی گەشتیاری.
هەروەها باسی لەوە کرد، ستراتیژییەتی کابینەی نۆیەم دروستکردنی ژمارەیەک کۆڕنیش بووە، جیا لە سوودە ژینگەییەکەی باشترین ڕێگەیە بۆ زیاتر هاندانی گەشتیاران، بە تایبەتی ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی، هەر لەم کابینەیە دا رێژەی هاتنی گەشتیاران 20%زیاد بووە.
گوتیشی: لە کابینەی نۆیەم 80 پرۆژەی گەورەی گەشتیاری کراون، جیا لە سوودە گەشتیارییەکەی بووەتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە 20 هەزار هەلیکار، 80%ـی زیاتر ناوخۆیین، هەروەها پرۆژەی بەنداوەکان و ڕێگاوبان لە گرنگترین ئەو پرۆژانە بوونە، گەشتیاری زیاتر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ـی لە شاری هەولێر دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا جەختی کردەوە، پڕۆژەکە "یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی شاری هەولێر و بە دڵنیاییەوە، کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتری شاری هەولێر دەبێت، بە تایبەت لە ڕووی گەشتیارییەوە."
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پڕۆژەکە "گۆڕانگارییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەڵکی ئەم گەڕەکانە و شاری هەولێر بە گشتی دروست دەکات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارە سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر و کوردستان. بۆیە بڕیارماندا ئەم پڕۆژە گرنگە لەو ناوچەیەدا بکرێت."
سەرۆکی حکوومەت گوتی "گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەو شوێنە، لە کاتێکدا خۆی وەکوو ڕێڕەوێک بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە لافاو، بەڵام بەداخەوە دواتر بووە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاک و لە ڕووی تەندروستیشەوە، ببووە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە. بۆیە بڕیارماندا ئەم پڕۆژە گرنگە لەو ناوچەیە بکرێت."
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش دا "پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێر، بەتایبەتی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەکەم، کە دوای ماوەیەکی کەم، گۆڕانکاریی جۆری لە ژیانیاندا و بۆ باشتربوونی ژینگە و تەندروستییان دێتە ئاراوە."
