لە عێراق مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان بەردەوامە
ململانێی نێوان کاندیدەکان لە بەغدا هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕندووە، بە تایبەتی ئەو هێڵانەی کۆمیسیۆن دیاریکردوون، تاوەکو دێت نرخی کارتەکانی دەنگدان بەرزدەبێتەوە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازن.
عەلی، هاوڵاتیەکی دانیشتووی شاری بەغدایە، کارتی دەنگدانی خۆی و خانەوادەکەی فرۆشتووە، دەڵێت، ئێمە حەوت کەسین لە خانەوادەکەمان مافی دەنگدانمان هەیە، سەرجەم کارتەکانمان فرۆشتووە، لە بەرانبەردا یەک ملیۆن و 50 هەزار دینارمان وەرگرتووە، ئەمجارە پارەی باشیکرد، خوولی ڕابردوو بە 50 هەزار دینار فرۆشتم، ئەمجارە هەر کارتێک 150 هەزار دینار نرخەکەی بوو، من ژیانم لەسەر کاری ڕۆژانەیە و خێزانێکی حەوت کەسیم بەسەرەوەیە، بۆیە بەو پارە باشەی کاندیدەکان بە کارتی دەنگدانی دەدەن، فرۆشتم.
چاودێران پێیان وایە ئەم خوولە زیاتر لە هەموو خوولەکانی دیکە کڕین و فرۆشتن بە کارتەکانی دەنگدان دەکرێت، لە هەندێک ناوچەش نرخی یەک کارت گەیشتووە بە نیو ملیۆن دینار، ئەم بابەتەش کێبڕکێی پاک لە نێوان کاندیدەکان ناهێڵیتەوە و پرۆسەی هەڵبژاردنیش دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە.
عەباس جبووری، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت، بە داخەوە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان زۆر زیاتر بووە بەراورد بە خوولەکانی پێشوو، ئەمەش وایکردوە بەڵێنی ناڕاستیش لە لایەن کاندیدەکانەوە زیاد بکات، هەروەها لە هەندێک شوێن نرخی کارتی دەنگدان گەیشتووە بە 400 بۆ 500 هەزار دینار، ئەم مامەڵەیەش بۆ ئەوە نییە کەسێکی دیاریکراو هەڵبژێردرێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کەسی بەرانبەر سەرنەکەوێت، بە داخەوە ئەمە کارێکی دوور لە ڕەوشتە.
سەڕای دەستگیرکردنی ژمارەیک کەس بە تومەتی بازرگانی کردن بە کارتی دەنگدان، ئەم بابەتە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچە لە هەڵکشاندایە، بە تایبەت لە بەغدا و ناوچەکانی دەوروبەری.
