ئەو شۆفێرەی لە هەولێر لە منداڵێکی دا و هەڵات، ژنە و ئاسایش دەستگیری کرد

K24 - هەولێر

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند ئەو شۆفێرەیان دەستگیرکرد کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە منداڵێکی دا لە هەولێر، دواتر جێیهێشت، دەشڵێت شۆفێرەکە ژنە و فەرمانبەری حکومەتە.

کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە لە گەڕەکی گەلاوێژی شاری هەولێر، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ڤیکترا، رەنگی سوور لە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵی دا بەناوی لیا رێبین سدیق و دواتر رایکرد، رووداوەکە لە کامێرای چاودێرییەوە وێنەی گیراوە و تێیدا دەردەکەوێت چۆن شۆفێرەکە دوای ئەوەی لە منداڵەکە دەدات، بەبێ ئاوڕدانەوە شوێنەکە جێدەهێڵێت.

ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-11-2020) لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ "منداڵەکە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستیی ناجێگیرە".

دوای ئەو رووداوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بەدواداچوونیان کردووە و توانیویانە شۆفێرەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.

ئاسایش ئاشکرای دەکات شۆفێرەکە "ناوی ( أ.ر. ص)، ئافرەتە و فەرمانبەری حکومەتە و دانیشتووی مەلا ئۆمەرە. دانی بە تاوانەکەیداناوە".