سەرۆک بارزانی: یاسای هەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت
لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە یاسای هەڵبژاردن لە عێراق بە ئارەزووی چەند لایەنێک دەرکراوە، بۆیە دەبێت بگۆڕدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر گوتی: پارتی بەرچاوی ڕوونە و دەزانی چی دەکات و داوای چی دەکات، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەم دەرفەتەی ڕەخساند لەگەڵ دۆستان و هاوخەباتمان، بتوانین چارەسەری بارودۆخەکە بکەین و پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە ڕێگەی ڕاستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داهاتوو، یەکەم: یاسای هەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەی لەسەر بنەمای لیستی حزبی یاخود لیستی نیمچە کراوە، ئەم یاسایەی ئێستا، یاسایەکی نادادپەرەوەرە، یاسایەکە مافی هەموو لایەک ون دەکات، تەیا چەند لایەک کە بە ئارەزووی خۆیان دایان ڕشتووە، لەبەر ئەوە ئەم یاسایە بە کەڵک نایەت و کارێکی جددی دەکەین ئەم یاسایە بگۆڕدرێت.
سەرۆک بارزانی گوتی: هیچ ڕەوا نییە کورسییەک لە هەولێر بە 40 هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووان 70 بۆ 80 لە سەد بێت، بەڵام لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، لە باشووری عێراق هەمان کورسی بە دوو هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووانیش سەدا 20 کەمتر بێت.
