سەرۆک بارزانی: پێویستە یاسای نەوت و گاز دەربچێت
لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە یاسای نەوت و گاز دەربچێت کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور، بۆ ئەوەی چیتر هیچ بەهانایەک نەمێنێت بەدەست ئەوانەی یاریی بە هەموو شتێک دەکەن لە بەغدا.
سەرۆک بارزانی گوتی: ئەرکی حکوومەتی عێراقە، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوان و دێهاتی وێرانکراو بکەن، دەبێت ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، لە هەموو گرنگتر ئەوەیە، بگەڕێتەوە سەر ئەو سێ بنەمایەی کە عێراقی تازەی لەسەر دروست کرا لە 2003، ئەویش، هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان بوو.
سەرۆک بارزانی گوتی: لە کۆنفرانسی لەندەن، پێشی ڕووخانی ڕژێم ڕێککەوتن کرا لەسەر ئەم سێ بنەمایە، گوتیشی: ڕوحی دەستوور ، ئیلهامی لەم سێ بنەمایە وەرگرتووە، ئەگەر بگەڕێننەوە سەر ئەم سێ بنەمایە، ئیتر هیچ کێشەیەک نامێنێت لە سەرتاسەری عێراقدا، نە لەنێوان هەولێر و بەغدا، نە لە پارێزگاکانی دیکەش.
