پەیامنێری کوردستان24: لەناوەندەکانی دەنگدانی عێراق دەنگ بە ڕیال مەدرید دراوە

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، دەنگدەری هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەنگی بە یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی داوە، لایەنگرانی موقتەدا سەدریش لەنێو هێزە ئەمنییەکان، دەنگەکانی خۆیان تەلەف دەکەن و وێنەی دەگرن.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: کەمێک بەر لە ئێستا، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیان دەستگیر کردووە، دەنگی دەنگدەرانیان کڕیووە.

ئاشکراشی کرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیان لە قەزای حەببانییە و لەبەردەم قوتابخانەی هودا کە ناوەندێكی دەنگدانی تێدایە، کە بە بڕی 50 هەزار دینار کارتی دەنگدانیان کڕیووە، هاوکات ویستوویانە دەنگی چەند دەنگدەرێکیان بە 50 هەزار دینار بکڕن.

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: ئەو سێ کەسە ئەمنییە، 50 هەزاریان بە چەند دەنگدەرێک داوە، بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدێکی دیاریکراو بدەن کە پێشتر بەڵێنیان دابوو پێشتر بەو کاندیدە بدەن چونکە پێشتریش 50 هەزاریان بۆ ئەوە وەرگرتووە.

شڤان جەباری دەڵێت: یەکێک لە دەنگدەران مۆبایلی بردووەتە ژوورەوە و وێنەی گرتووە، کە لە بنکەی دەنگدانەکە هاتووەتە دەرەوە، وێنەکەی نیشانی هاوڕێکانی داوە کە دەنگی بە یانەی ڕیال مەدرید داوە نەوەک کاندیدەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، هەموو دەنگەکانی خۆیان تەلەف کردووە و وێنەیان گرتووە و هێناویانەتە دەرەوە و نیشانی هەمووانیان داوە کە دەنگەکانی خۆیان تەلەف کردووە، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەو حاڵەتە کردووە و داوای کردووە ئەو حاڵەتە وا لێنەکەن کە ببێتە هۆی ساردکردنەوەی ئەوانی دیکە لە دەنگدان.

ڕاشیگەیاند: بەهۆی پیسی و پۆخڵییەوە، ناوەندەکانی دەنگدان پڕ لە مێش و مەگەز بوون، دوێنێش کە کارمەندانی کۆمیسیۆن ناوەندەکانی دەنگدانیان وەرگرتووە، هێندە پیس و پۆخڵ بووە، خۆیان خاوێنیان کردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00 بەرەبەیان دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment