دوو تاوانباری رووداوەکەی پردێ، سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ دەرچوو
دەستدرێژیی سێکسیان کردبووە سەر ژنێکی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت
K24 - هەولێر
دادگای تاوانەکانی کەرکووک ئەمڕۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دوو تاوانباردا سەپاند، کە دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەر ژنێکی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پردێ.
رووداوەکە بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە. تێیدا پۆلیسێک دەردەکەوێت کە دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر ژنێکی کوردی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەکاتێکدا کەسێکی دیکە لە نزیکییەوەیەتی و ڤیدیۆکە تۆماردەکات لە نزیک بەربەستێکی ئەمنی لە پردێ.
رووداوەکە شەقامی کوردستانی هەژاند و ئەوکاتە بەرپرسانی کورد هاتنە سەر هێڵ و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشیان کرد بۆ دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو کەسانەی، لەو تاوانە قێزەونەدا تێوەگلاون.
دوای پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکران.
لە بەڵگەنامەیەکدا کە ئەمڕۆ (دووشەممە، 9-11-2020) دادگا بڵاویکردووەتەوە، سزای هەردوو تاوانبار ئیبراهیم رۆکان حەسەن و ئیبراهیم محەمەد شاکر ئاشکرا کراوە. هەردووکیان بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراون.
دادگای تاوانەکان هەروەها مافی بە ژنەکە داوە، لە دادگای سڤیل داوای قەرەبووکردنەوە بکات، ئەگەر ویستی.
بەپێی سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر ژیان جومعە محەمەد، پۆلیسێکی فیدراڵی بووە و دوای ماوەیەکی کەم لەو تاوانە دەستگیرکراوە.
پێشتر سەرۆک بارزانی ئیدانەی ئەو تاوانەی کرد و رایگەیاند ئەوە نموونەی ئەو تاوانانەیە کە رووبەڕووی هاووڵاتییانی کورد دەبێتەوە لە کەرکووک، بەهۆی ستەم و واقعی سەربازیی شارەکە.
