نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخستنەکانی پارتی لە ئەورووپا کۆبووەوە
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخستنەکانی پارتی لە ئەورووپا پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد؛ هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی بەهۆی گەڕانەوەیان لە ئەورووپا بە مەبەستی بەشداریکردنی هەڵبژاردن سوپاسی بەرپرسانی ئەو ڕێکخستنەی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخستنەکانی سنووری لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فازل میرانی، بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و زەعیم عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی، وێڕای بەخێرهێنان، ستایشی دڵسۆزی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەریی ڕێکخستنەکانی پارتی کرد کە لە ئەورووپاوە گەڕاونەتەوە کوردستان، بۆ ئەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، تیشکی خستە سەر گرنگیی هەڵبژاردن و بەشدارییەکی فراوان لە پرۆسەی دەنگداندا، هەروەها ڕۆڵی گرنگ و کارای ڕێکخستنەکانی پارتی و ڕەوەندی کوردستانی لە ئەورووپا بە گرنگ لەقەڵەمدا کە دەتوانن لە زۆر بواردا خزمەتی کوردستان بکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بەردەوامە لە پێشکەوتن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە داهاتووی کوردستان گەشە.
لای خۆیانەوە ژمارەیەک لە ئامادەبووان، وێڕای خستنەڕووی دۆخی ڕێکخستنەکانی پارتی و ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، داوایان کرد کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق هەوڵ بدات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەنگدان بۆ ڕەوەندی کوردستانی و عێراقی فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی لەو مافە بێبەش نەبن.
