ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس: سلێمانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کۆنترۆڵکراوە

کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی سلێمانی، کە بۆ پاراستنی گیانی خۆی و خێزانەکەی ناوی خوازراوی "ئامەد"ی لێنراوە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس"، وردەکاری گەشتەکەی بەرێگەی وشکانی و دەریایی بۆ گەیشتن بە بەریتانیا ئاشکرا کرد. ئامەد ئاماژەی بەوەداوە بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزارەوە وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و دەشڵێت: "لە سلێمانی کەس ناوێرێت ناوی ڕکابەری سەرۆکی یەکێتی بهێنێت."

دووشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ئامەد بە ڕۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس" ڕایگەیاندووە، هۆکاری جێهێشتنی زێدی خۆی لە سلێمانی، ئەو توندوتیژییە دڕندانەیە بووە، کە لە هۆتێل لالەزار ڕوویداوە و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاووڵاتیی بەریتانی-کورد و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جێبەجێ کرا.

ئامەد سەرۆکی یەکێتی بە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ڕکابەرە سیاسییەکانی تۆمەتبار کرد و گوتی: "بافڵ هۆکاری ئەو دۆخەیە کە وای کردووە خەڵک کوردستان جێبهێڵێت و ڕوو بکاتە بەریتانیا، هەروەها ئەو هۆکاری ڕۆیشتنی من بوو." گوتیشی: "لە سلێمانی تەنیا بە هێنانی ناوی ڕکابەرێکی سیاسی دەخرێیتە زیندانەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کردووە، کە هەردووکیان هاووڵاتیی بەریتانین، بەپێی گوتەی خێزانەکەیان کە بە ڕۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچ لە کوردستانەوە بۆ بەریتانیا. باسی لەوەش کردووە، بەپێی ئامارەکان، بەلایەنی کەمەوە 30 کەس لە توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی شەڕەکەی هۆتێل لالەزار کوژراون و سەدانی دیکەش دەستگیرکراون.

ئامەد چیرۆکی چوونی بۆ بەریتانیا گێڕایەوە و گوتی: "لە سلێمانییەوە بە ئۆتۆمبێل هەڵهاتم و چوومە تورکیا، 15 ڕۆژ لەوێ مامەوە و لەوێشەوە بە بەلەمێک بۆ ماوەی شەش ڕۆژ گەیشتمە ئیتاڵیا. دواتر بە تەنیا چوومە دەنکیرک لە فەرەنسا و دوای چەند هەفتەیەک مانەوە، بە بەلەمێکی بچووک کەناڵەکەم بڕی.

ئەو باسی لەوە کرد کە دۆخی پەڕینەوەکە ئەوەندە خراپ بووە، کە بەشێک لە سەرنشینەکان لەهۆش خۆیان چوون و چەندین جار بەهۆی شەپۆلەکانەوە خەریک بووە نقووم ببن، ئەگەر هێزی سنووری بەریتانیا فریایان نەکەوتایە.

ئامەد داوای لە حکوومەتی بەریتانیا و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کردووە، زیاتر لەو بابەتە دەستێوەردان بکات و پرسیاری ئەوەی کرد: "بافڵ هاووڵاتییەکی بەریتانییە، چۆن شتی وا ڕوودەدات و حکوومەتی بەریتانیا هیچ ناکات؟"

ڕۆژنامەکە ئاماژەشی داوە، سلێمانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کۆنترۆڵکراوە، کە پێشتر لە لەندەن پاسەوانی یانەی شەوانەبووە و تۆمەتبارکراوە بە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ڕکابەرە سیاسییەکانی.

ئامەد دەشڵێت: کەس لێی ناپرسێتەوە، ئازادە لەوەی دەیەوێت بیکات. نەیارەکانی کوشتووە یان خستوونیەتە زیندانەوە، ئەو وای لە خەڵک کردووە کوردستان جێبهێڵن و بێن بۆ بەریتانیا، ئەو هۆکاری ڕۆشتنی من بوو. من خەڵکێکی زۆر دەناسم کە تەنیا چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ هەڵهاتن، سلێمانی بووەتە دیکتاتۆریەتێکی سەربازی."

ڕیچارد ئاشمۆر ڕۆژنامەنووس لە (دەیلی ئێکسپرێس) لەگەڵ ئامەد

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment