پارێزگاری هەولێر: پرۆسەی دەنگدان بەبێ کەموکوڕی و گرفت بەڕێوە دەچێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان کرد و گوتی: خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە و پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە هیچ یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ڕوویان نەداوە.

سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیى، ئومێد خۆشناو، سەردانی چەند بنکەیەک و وێستگەیەكی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پرۆسەکە کرد و سەردانى چەند وێستگەیەكی دەنگدانى کرد، جەختی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە.

دواتر ئومێد خۆشناو، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ پێشێلکاریەک تۆمار نەکراوە و پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە هیچ یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ڕوویان نەداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە بەبێ کەموکوری و زۆر بەڕێکوپێکی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت، تەنیا چەند گرفتێکى تەکنیکى لە هەندێک شوێن ڕووی داوە، ئەویش بە سوپاسەوە لە لایەن کۆمیسیۆنەوە زوو چارە کراون.

خۆشناو، هیواشی خواست خەڵك بچن بۆ دەنگدان و لە كەشێكی ئارام و ئازاددا بە ئارەزووی خۆیان دەنگ بدەن بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان.

گوتیشی: ئەوانەی لە بەغدا خیانەت لە دەنگەکانیان ناكەن و نوێنەری ڕاستەقینە و داكۆكیكار و بەرگریكاری ڕاستەقینەی ماف و موستەهەقاتی خەڵکی کوردستانن.

لە بازنەی هەولێر  1 ملیۆن و 2 هەزار و 87 كەس هەن كە مافی دەنگدانیان هەیە و لە ( 528 ) بنکە و ( 2,003 ) وێستگە پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت.

 ناوەندەکانی دەنگنیش لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە کراونەتەوە و بڕیارەی پرۆسەی دەنگدان تاوەکو كاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت.

سەرجەم بنکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگاریان لێ دەكرێت، هاوکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشەوە لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment