سەرۆکی شارەوانیی هەولێر داوایەک ئاراستەی سەرجەم کاندیدەکان دەکات
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر داوایەک ئاراستەی سەرجەم کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: هیوادارام هاوکارمان بن لە لێکردنەوەی ئاڵا و پۆستەرەکان لەسەر شەقامەکان.
سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرو بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکمان دەست پێکردووە بۆ لێکردنەوەی پۆستەر کانیدەدەکان و ئاڵای حزبەکان لەسەر شەقامەکان.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 10 تیممان ڕاسپاردووە بۆ لێکردنەوەی پۆستەر و ئاڵاکان، هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یەک پۆستەری کاندید یان یەک ئاڵای حزبێک لەسەر شەقامەکان مابن.
هاوکات داوا لە کاندیدەکان و لایەنە سیاسییەکان دەکات، هاوکاری تیمەکانی شارەوانی بن بۆ لێکردنەوەی پۆستەر ئاڵای حزبەکان.
کارزان هادی، گوتیشی: هەوڵ دەدەین بە کەمترین ماوە شار پاک بکەینەوە.
کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد و کاتژمێر 6ـی ئێوارەش کۆتایی هات.
