پێگەی پۆلیتیکۆ: لەوانەیە ئاشتیی کەرتی غەززە سەرنەگرێت و هەڵبوەشێتەوە

بەڵگەنامە نهێنییەکان وێنەیەکی تاریکی ئەو ئالەنگارییانەیان ئاشکرا کردووە کە ڕووبەڕووی پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بەتایبەتی سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزێکی ئەمنی فرەنەتەوەیی لە ناوچەکە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست "پۆلیتیکۆ" کەوتووە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، بە قووڵی نیگەرانن لەوەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کراوە، بەهۆی سەختیی جێبەجێکردنی زۆرێک لە بڕگە سەرەکییەکانەوە، جێبەجێ نەکرێت؛ ئەمەش دەبێتە ئاستەنگی گەورە لە بەردەم بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتیی کەرتی غەززە. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیتیکۆ، کۆمەڵە بەڵگەنامەیەک لە سیمینارێکی دوو ڕۆژەی مانگی ڕابردوودا بۆ سەرکردەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا و ئەندامانی ناوەندی هەماهەنگیی مەدەنی و سەربازی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی 10ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، لە بواری جێبەجێکردنەوە لە باشووری ئیسرائیل دامەزراوە، پێشکەش کران.

 مایکل وێنزێل، ڕێکخەری ئاسایشی ئەمەریکا بۆ دەسەڵاتی فەلەستین و ئیسرائیل، نزیکەی 400 کەسی بانگهێشتی چالاکییەکە کرد، کە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و کۆمپانیا تایبەتەکانی تێدا بوون.

لە سیمینارەکەدا، تیشکی خستە سەر نیگەرانییەکانی ئەمەریکا، بە تایبەتی سەبارەت بەوەی کە ئایا "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" دەستپێشخەرییەکی ئەمنی فرەنەتەوەیی کە مەبەست لێی پاراستنی ئاشتییە لە غەززە، لە ڕاستیدا دەتوانرێت جێگیر بکرێت یان نا.

نیگەرانییەکانی ئیدارەی ئەمەریکا

پۆلیتیکۆ، لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە "ئیدارەی ئەمەریکا نیگەرانە لە داهاتووی ناوچەکە بە گشتی و کەرتی غەززە بە تایبەتی، گومان لە سەرکەوتن و جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی غەززە دەکەن، کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشنیاز کراوە." 

هاوکات، بەڵگەنامەکان ئاستەنگەکانی بەردەم ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا ئاشکرا دەکەن، لە سەپاندنی "ئاشتییەکی بەردەوام"، ئەمەش جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ لێدوانە گەشبینییەکانی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا، کە زۆرجار، لە بارەی سەرکەوتنی پرۆسەکەوە بە گەشبینی قسە دەکەن. 

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لە سیمینارەکەدا، باس لە چەندین بەربەستی بەردەم واشنتن و هاوبەشەکانی کراوە، لە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ئاگربەست بۆ پلانێکی ئاشتی بەردەوام و ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا هەندێک پلانی هەیە سەبارەت بە پشتیوانیی لە قۆناغی ڕاگوزەر، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی نەبووە لە پەرەپێدانی بژاردەکانی ئاشتی لە کەرتی غەززە.

دەیڤید شنکەر، دیپلۆماتکاری ئەمەریکا کە لە خولی یەکەمی ترەمپدا وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە، ئاماژەی بەوە داوە "ئیدارەی ئەمەریکا هەندێک کەسی هەبووە کە مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە قەیرانەکانی جیهاندا دەکەن، لەکاتێکدا غەززە هاوشێوەی ئەو قەیرانانە کێشەیەکی گرنگ و گەورەیە لە ناوچەکە."  

شنکەر، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی: ئەمە کارێکی گەورەیە، پێویستی بە بایەخدانێکی بەردەوام و ئاست بەرز هەیە، هەروەها پێویستی بەولایەنانە هەیە کە خاوەنی هەژموونن هەروەها  ڕێگەپێدراون بەدواداچوون بکەن. ئیدارەی ئەمەریکا دوای ئاگربەستی سەرەتایی و ئازادکردنی بارمتەکان قۆناغێکی سەرکەوتنی وەرگرتووە، بەڵام هەموو ئەمانە ماندووبوونی زیاتری پێویستە. هەروەها ماندووبوونی ڕاستەقینە هێشتا ماوە، کە لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی کەرتی غەززەدا دێتەوە بەردەم ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر. 

بەربەستە سەرەکییەکان

بەشداربوویەکی سیمینارەکە، ئاماژەی بەوە داوە، ئیدارەی ترەمپ دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ زیانە بەرفراوانەکانی ژێرخانی ئابووری و مرۆیی کەرتی غەززە بکات.

لە هەمان کاتدا، بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئاستەنگە سەرەکییەکان بریتین لە دامەزراندنی هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتی. هەروەها دوودڵیی ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە غەززە،  لەکاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە حەماس بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەست. هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی  دامەزراندنی کارمەند لە دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک "ئەنجوومەنی ئاشتی" کە بڕیارە سەرپەرشتی پلانەکەی ترەمپ بکات.

جگە لەوەش، سەرەڕای دژایەتیی ئیسرائیل، ئیدارەی ئەمەریکا دەبێت لەگەڵ خواستی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ بەشداریکردن لە دووبارە بونیادنانەوەی غەززە مامەڵە بکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو دەزگا فەلەستینییەی کە لە کۆتاییدا غەززە بەڕێو ەدەبات، پێویستی بە پشتیوانی درێژخایەنی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت. هاوکات، لەوانەیە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بۆ دەیان ساڵ پێویستیان بە بودجە و ڕاوێژکاری دەرەکی هەبێت.

توێژینەوەیەک کە لە سیمینارەکەدا،  پێشکەش کراوە، بە ناوی "ڕاپۆرتی بارودۆخی غەززە" لە ڕێکەوتی 20ی تشرینی یەکەمی 2025، پێداچوونەوەی بە وێرانکارییە بەرفراوانەکانی دوای شەڕەکە کردوە، کۆمەڵێک پرسیاری هەڵپەسێردراوی ورووژاندوە، وەک خێرایی گواستنەوەی دەسەڵات و چۆنییەتی وەڵامدانەوەی حەماس، ئەگەر پابەندی ڕێککەوتنی ئاشتیی کەرتی غەززە نەبێت. 

پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە،  کە حەماس دەیەوێ بە زۆرەملێ دەسەڵاتی خۆی  بەسەر ناوچەکانی غەززەدا دووپات بکاتەوە و بۆشایی ئەمنی پڕبکاتەوە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی پێگەی پۆلیتیکۆ، ئیسرائیل لەسەدا 53%ى خاکی غەززەی بەدەستەوەیە، دانیشتوانی کەرتی غەززە لەو بەشدا دەژین کە 47%ى غەززە پێک دەهێنێت کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا نییە. هاوکات، حەماس نزیکەی حەوت هەزار چەکداری لەو ناوچانە جێگیر کردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەکەدایە.

لە توێژینەوەکدا باس لەوەش کراوە، کێشەیەکی دیکە پەیوەندی بە هاوکارییەوە هەیە، ڕۆژانە تەنها 600 بارهەڵگری یارمەتییەکان دەگەنە سنوورەکانی غەززە، بەڵام ‌هێشتا ئەو بڕە ناتوانێت پێویستییەکانی خەڵکی ناوچەکە پڕ بکاتەوە.

لە بەرانبەردا، بەڵگەنامەیەکی دیکەی حکوومەتی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات "حەماس کات درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا دەسەڵاتی خۆی لە کەرتی غەززە بسەپێنێتەوە، هەموو دواکەوتنێکیش لە بەرژەوەندی حەماسدا دەبێت."

لە کۆتاییدا باس لەوە کراوە، چەکدارەکان فێڵێکی نوێ بەکار دەهێنن کە لە پڕوپاگەندەوە دەست پێ دەکات، تاوەکو دەگاتە خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاشتیی کەرتی غەززە، کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بە نێوەندگیری وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیاز کرابوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment