عێراقچی: تەنیا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا ئاراستەی بنکە و دامەزراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت، نەک وڵاتانی ناوچەکە، و جەختیشی کردەوە ئەمریکییەکان خاکی وڵاتە عەرەبییەکان بۆ لێدانی بێتاوانان بەکاردەهێنن.

هەینی 6ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی کرد و نووسیویەتی: ئێران و برایانی عەرەب لە ماوەی سەدەکاندا پێکەوە لەناو کەشێکی پڕ لە دۆستایەتی، میهرەبانی و ڕێزی بەرانبەردا ژیاون.

عێراقچی ڕەخنەی توندی لە واشنتن گرت و ڕایگەیاند کە دەستدرێژکارە ئەمریکییەکان خاکی دۆستە عەرەبەکانمان بەکاردەهێنن بۆ کردنە ئامانجی منداڵان و کەسانی بێتاوان.

سەبارەت بە سروشتی وەڵامدانەوەی تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران دڵنیایی دایە وڵاتانی دراوسێ و گوتی: وەڵامی ئێران بە حەتمی تەنیا ئاراستەی بنکە و دامەزراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.