شارەزایەکی سیاسیی ئێران: دۆخی داهاتووی سیاسیی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران ڕایگەیاند، سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق هەوڵ دەدات خۆی لە کێشە دووقۆڵییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوور بگرێت.
چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەم 2025، سیرووس بەرنا بەلداجی، ئەندامی پێشووی کۆمیسیۆنی ئاسایشیی نیشتمانیی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا دەربارەی بارودۆخی عێراق پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ی ڕاگەیاند" یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان کە دەبێت لەم بوارەدا وەڵام بدرێتەوە، تێڕامانە لە دۆخی ناوخۆی عێراق، دۆخی هەرێمی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بواری هەڵبژاردنەکان و ڕیزبەندیی ئێستای هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو عێراق. هەروەها، لێکۆڵینەوە لە ڕیزبەندیی پارتەکان و خستنەڕووی دیدگایەک بۆ ڕەوتە ئەگەرییەکانی دوای هەڵبژاردن."
عێراق بە توندی لەژێر فشاری ئەمەریکادایە
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە ڕووی ناوخۆییەوە، وا دیارە حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی، ڕووبەڕووی بارودۆخێک بووەتەوە کە وڵاتەکە هێشتا گیرۆدەی گەندەڵیی ئیداری و ناکۆکی و کەلەبەری سیاسی لە نێوان ڕەوتە فیکرییە جیاوازەکاندایە. هەروەها، گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە و وڵاتەکەی بووەتەوە، یەکێکی ترە لە ئاڵنگارییەکان. لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، عێراق لەم دواییەدا، لە بواری چەندایەتی و چۆنیەتیی ڕۆڵی خۆی لە "چەسپاندنی سیستمی نوێی هەرێمی"دا، بە توندی کەوتووەتە ژێر فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. لە ڕووی هەرێمییەوە، ئەو ڕووداوانەی کاریگەرییان لەسەر عێراق داناوە، ڕێکخستنەوەی تایبەتمەندییەکانی بەرەی مقاوەمەیە. بە واتایەکی تر، یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم ڕێکخستنەوەیە، لە ڕاستیدا لاوازبوونی پێگەی هەرێمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
گرنگیی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن، لە چوارچێوەی دۆسییەی عێراقدا
ئەم شارەزایەی بواری سیاسەتی دەرەوە، سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و عێراق پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گوتی: سەرەتا دەبێت ڕیزبەندیی هەڵبژاردنەکان ڕوون بکەمەوە؛ سیستەمی سیاسیی پێکهاتەی فیدراڵیی عێراقی نوێ، لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و سامان لە نێوان سێ لایەنی ناسراوی کورد، سوننە و شیعەدایە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکایەتیی کۆمار بە کورد و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە سوننە و سەرۆکایەتیی وەزیران بە شیعەکان بدرێت کە زۆرینەی دانیشتووان پێک دەهێنن. بۆیە، چۆنیەتیی دیاریکردنی پۆستی گرنگی سەرۆک وەزیران، دەرەنجامی تایبەتمەندییەکانی هاوپەیمانیی نێوان ئەم سێ لایەنەیە، بەتایبەتیش دەرەنجامی تایبەتمەندییەکانی هاوپەیمانیی نێوان لایەنی باڵادەست، واتە خودی شیعەکانە.
ئایا شیعەکان هاوپەیمانییەتییەکی بەهێز پێک دەهێن؟
بەرنا بەلداجی، جەختی لەوە کردەوە "ئەوەی لە "هەنگاوی دووەم"ی دوای هەڵبژاردندا یەکلاکەرەوە دەبێت، هاوپەیمانییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانە. دەبێت چاودێری بکەین کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چ هاوپەیمانییەک لەسەر بنەمای کەلەبەرەکانی نێوان شیعەکان، بە لەبەرچاوگرتنی بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە وەک تاکتیکێک، لە چوارچێوەی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە"دا پێک دێت؟
ڕۆڵی عەلمانییەکان لە عێراقدا زیادی کردووە
ئەم شارەزاییەی کاروباری عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: خاڵێکی تر کە دەبێت بایەخی پێ بدرێت ئەوەیە، کە پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراقی ئەمڕۆدا بە جۆرێکە کە ڕەوتەکە بەرەو پڕڕەنگتربوونی ڕۆڵ و یەکلاکەرەوەیی تەکنۆکراتەکان، لاوازبوونی هێزە توندڕەوە ئایینییەکان (چ سوننە و چ شیعە) و پڕڕەنگتربوونی ڕۆڵی هێزە عەلمانییەکان دەڕوات. هەروەها، ئەو دۆستایەتییە تا ڕادەیەک بەهێزەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا عەممار حەکیم بەرامبەر وڵاتانی وەک سعودیە هەیبووە و نزیکبوونەوەی نێوان هێزە کوردی و سوننییەکاندا هەیە، تێبینییەکی گرنگی ترە.
ئەگەری هەیە سودانی بۆ جاری دووەم حکوومەت پێک بهێنێت
بەرنا بەلداجی، سەبارەت بەوەی کە دەبێت کاریگەریی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و عێراق لەبەرچاو بگیرێت، گوتی: سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق هەوڵ دەدات خۆی لە کێشە دووقۆڵییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوور بگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە ڕێککەوتنێکی نەنووسراوی جێی متمانە لە نێوان عێراق، ئەمەریکا، ئەورووپا و زلهێزە گەورەکانی ناوچەکەدا هەیە. وا دیارە سودانی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی بۆچوونی ئەرێیی زلهێزە هەرێمی و دەرەکییەکان و هەروەها هێزە کاریگەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ بۆ لای خۆی. بۆیە، ئەگەری زۆرە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، سوودانی بتوانێت بۆ جاری دووەم حکوومەتەکەی پێک بهێنێت.
ئێران دەبێت خۆی بۆ دۆخی داهاتوو ئامادە بکات
ئەم پەرلەمنتارەی پێشووی ئێران، لە وەڵامی پرسیاری کاریگەریی ئەم ڕووداوانە لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چی دەبێت؟ گوتی: دوای شەڕی یەکەمی ناسراو بە 12 ڕۆژە، وڵاتانی وەک ئازەربایجان و عێراق بەتایبەتی، هاوکارییەکی بەرچاویان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ستراتیجیی جەنگیی ئیسرائیلدا هەبووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی داوە کە ئەم بابەتە زۆر ئاشکرا و بەرچاو نەبێت.
لە کۆتاییدا، لە بارودۆخی ئێستادا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت هەوڵ بدات لەسەر بنەمای کردارێکی واقیعبینانە، شێوازەکانی هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق بەڕێوە ببات و ئاستی چاوەڕوانییەکانی خۆی لە عێراق کەم بکاتەوە، تا ڕێگری لە دروستبوونی کێشە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا بکات.
ئەمەریکا و چارەنووسی حەشدی شەعبی
بەرنا بەلداجی، دەرباری پلانی ئەمەریکییەکان بۆ تێکەڵکردن یان هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یەکێکە لە فاکتەرە جددییەکان کە بە بڕوای من ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پشت پەردەوە لەگەڵ حکوومەتی نیشتمانیی عێراق لەسەری ڕێککەوتووە. تەنها لە ڕووی کاتی جێبەجێکردنەوە و بەدوای دۆزینەوەی هەلێکی گونجاودا دەگەڕێن بۆ جێبەجێکردنی، کە بە بڕوای من دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، ئەمە ڕوو دەدات.
بارودۆخی ئێستای عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئێران
ئەم شارەزایەی بواری سیاسەتی عێراق، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: بە لاوازبوونی پێگەی هەرێمیی ئێران، دیارە کە ئەم دۆخە پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گۆڕاندایە. تێگەیشتنی من ئەوەیە کە عێراق بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی، بەتایبەتی لەو ڕووەوەی کە حکوومەتی ئێستا دیدێکی بەهێزی بۆ بابەتی گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لەناو عێراقدا هەیە، هەوڵی یەکخستنی هێزە ئەمنی-سەربازییەکانی دەدات. بە گشتی بارودۆخی ئێستای عێراق، زۆر لە چوارچێوەی دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە.
