باکووری کوردستان.. لە ئەردەخان بەفر رێگاکانی گرتووە
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا وەرزی هاوین و گەرما دەستپێبکات، کەشوهەوایەکی نائاسایی ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە؛ لە لایەک بەفر ڕێگای کوێستانەکانی ئەردەخانی گرتووە و لە لایەکی تریشەوە هۆشداری بارانی بەخوڕ و لافاو بۆ چەند شارێکی دیکە دەدرێت.
لە شارۆچکەی خانەک سەر بە پارێزگای ئەردەخانی باکوری کوردستان، بەهۆی بارینی بەفرێکی لەناکاوی حوزەیران، ڕێگای گەیشتن بە کوێستانەکان داخرا و گوندنشینان ناتوانن بچنە سەر کار و شوێنەکانیان. بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفرەوە، زۆرێک لەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەر کوێستانەکان پەکخراون.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی پارێزگا، بە ئامێری قورسەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ڕێگای چەندین گوند کردووە. لە هەندێک ناوچەدا ئەستووری بەفرەکە گەیشتۆتە یەک مەتر، ئەمەش کارەکانی تیمەکانی قورستر کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بەفربارینە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی شەپۆلێکی باران و بروسکە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، چاوەڕوان دەکرێت بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە شارەکانی (مەلەتی، مووش و وان) بگرێتەوە. کەشناسی داوا لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەکات کە وریای ئەگەری دروستبوونی لافاوی لەناکاو بن. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم کەشە ناسەقامگیر و باراناوییە لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان بەردەوامی دەبێت.