ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: نەخۆشی سیل هێشتا کوشندەترین نەخۆشیی درمە لە جیهاندا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، نەخۆشی سیل (سل) وەک کوشندەترین نەخۆشیی درم لە جیهاندا ماوەتەوە و لە ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی یەک ملیۆن و 230 هەزار کەس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکە، ئامارەکان ئاماژە بە هەندێک پێشکەوتنی ئەرێنی دەکەن؛ ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکە بە بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 3% دابەزیوە، هاوکات ژمارەی تووشبووانی نوێش نزیکەی 2% کەمی کردووە.

مەزەندە دەکرێت لە ساڵی 2024دا نزیکەی 10.7 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشی نەخۆشیی سیل بووبن، کە پێکدێن لە، 5.8 ملیۆن پیاو، 3.7 ملیۆن ئافرەت، 1.2 ملیۆن منداڵ.

نەخۆشی سیل، نەخۆشییەکە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت و چارەسەریشی هەیە. هۆکارەکەی بەکتریایەکە کە زۆرترین جار هێرش دەکاتە سەر سییەکان و لە ڕێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە کاتێک کەسی تووشبوو دەکۆکێت، دەپژمێت، یان تف دەکات.

تێرێزا کاسایڤا، بەرپرسێکی باڵا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕایگەیاند: "بۆ یەکەمجارە لە دوای دەستپێکردنی پەتای کۆڤید-19، کە بووە هۆی پەکخستنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە نەخۆشی سیل کەمیکردووە."

بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا و گوتی: "کەمکردنەوەی بودجە و کاریگەرییە بەردەوامەکانی پەتاکە دەتوانێت ئەو پێشکەوتنە کەمەی بەدەستهاتووە لەناوببات. بەڵام پابەندبوونی سیاسی، وەبەرهێنانی بەردەوام، و هاودەنگیی نێودەوڵەتی دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم ڕەوتە و لەناوبردنی یەکجارەکیی ئەم نەخۆشییە مێژووییە."

 
 
Fly Erbil Advertisment