بە گوژمەی 3 ملیار دینار بەردی بناغەی بنکەیەکی تەندروستی لە دارەتوو دانرا

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دانانی بەردی بناغەی "بنکەی تەندروستیی عەلی حەسەن سماقە"ی لە گەڕەکی ژینی نوێ لە شارۆچکەی دارەتوو ڕاگەیاند.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بە گوژمەی 3 ملیار دینار و لەسەر ڕووبەری 10هەزار مەتری چوارگۆشە دروست دەکرێت. سوپاسی تیمی ئەندازیاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێری کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکە، هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەتوو و تیمەکانی دیکە کرد بۆ هەوڵەکانیان لە دابینکردنی زەویی پڕۆژەکە.

ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە کەرتی تەندروستیی گشتی. ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت لەم ماوەیەدا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بنکە و ناوەندە تەندروستییەکان، لە پێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی شایستە بە هاووڵاتییان.

 
Fly Erbil Advertisment