یەکێتیی ئەورووپا: دەمانەوێت حکوومەتی داهاتووی عێراق ڕەنگدانەوەی خواستی گەل بێت
یەکێتیی ئەورووپا داوا لە هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکات کە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن کە گوزارشت لە خواستەکانی گەلی عێراق بکات.
یەکێتییەکە هەروەها ڕایگەیاندووە، لیژنەی چاودێرییان هەڵسەنگاندنەکانی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات.
جێگای ئاماژەیە، یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی ناردنی تیمی چاودێرییەوە هاوکار بووە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە عێراق. لە ڕابردووشدا و لە قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردنەکان، یەکێتییەکە بەردەوام جەختی لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەت کردووەتەوە لەپێناو سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگی بردووەتەوە.
