سلێمانی خۆی بۆ فێستیڤاڵی کورتە فیلمی سینەمایی ئامادە دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، پلانی خۆی بۆ سازکردنی "فێستیڤاڵی کورتە فیلمی سینەمایی" لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی ناساندنی کولتوور و توانای سینەماکارانی کوردە بە جیهان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، وردەکارییەکانی فێستیڤاڵەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: "هەوڵدەدەین لە سەرەتای ساڵی ئایندە، بە تایبەت لە مانگی نیساندا، فێستیڤاڵی کورتە فیلمی سینەمایی لە سلێمانی بەڕێوەبەرین."
ئەدیب جەختی لەسەر فەلسەفەی فێستیڤاڵەکە کردەوە، لە ژێر دروشمی "بە باڵیۆزکردنی فیلم"ـدایە و گوتی: "فیلم و کولتوور دەچنە چوارچێوەی هێزی نەرمەوە. هێزی نەرم لە کولتوور و سینەمادا توانای بڕینی سنوورەکانی هەیە، بۆیە ئێمە لە ڕێگای فیلمەوە دەتوانین بوونمان لە جیهاندا هەبێت."
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی کورد، نەناسراوییەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و وتی: "وەکو پێویست لە جیهاندا نەناسراوین، ئەگەر ناسراویش بین، یا بە قوربانی یان بە شەڕکەر ناسراوین. ئێستا کاتی ئەوەیە ئێمە جددیتر کار لەسەر ئەوە بکەین کە وەک سینەماکار، هونەرمەند، مۆسیقار، شاعیر و ڕۆماننووس خۆمان بناسێنین."
موحسین ئەدیب لە کۆتاییدا ڕوونیکردەوە، چۆن هونەر دەتوانێت ڕۆڵی دیپلۆماسی بگێڕێت، بەتایبەت بۆ گەلێک کە دەوڵەتی سەربەخۆی نییە: "کاتێک دەوڵەتت نەبوو، واتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوونت نییە، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆز و کونسوڵت نییە. ئەو بۆشاییەی بێ دەوڵەتی بۆی دروست کردووین، دەتوانین لە ڕێگای کولتوور و بەتایبەت فیلمەوە پڕی بکەینەوە."
