هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ فەریزەکارانی حەجی 2026 دەکرێت

هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ئەو کەسانە دەکرێ کە ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمارکردووە و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەش دەڵێت:  تیروپشکەکە تایبەتە بەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان بە ئەلیکترۆنی تۆمارکردووە و مەرجە پێشتر حەجیان نەکرد بێت.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی گوت: ئامادەکارییەکان بە کۆتا گەیشتوون و تەنیا هەندێک وردەکاری ماوە، ئەگەر تەواو بکرێن و فریا بکەوین، بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هەفتەیە تیروپشک بۆ ناوی کەسانە دەکرێت، کە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمارکردووە.

گوتیشی: ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ناو تۆمارکردن بۆ فەریزەی حەج بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچووە، لەبەر تازەیی سیستمەکە پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان و ڕێکارەکانی دیکە ماوەیەکی زیاتری خایاند، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشکەکە بۆ ئەمساڵ کەمێک دواکەوتووە.

ڕاشیگەیاند، 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، لەبەر زۆری خواست، ئەمساڵ مەرجێک زیادکراوە ئەگەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دا بێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە، هەربۆیە هەزاران ناو دەرهێنراوە و دوورخراونەتەوە.

هەروەها گوتی: جگە لەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان دەردەچێت، زیاتر لە 350 کەسی دیکە کە  تەمەنیان سەروو 70 ساڵە و ساڵی ڕابردوو بەهۆی یاساییەکی وڵاتی سعویە لە فەریزەی حەج بێبەشبوون ئەمساڵ بە بێ تیروپشک بەشداری حەج دەکەن و مامەڵەکانیان تەواو بووە.

 سعودیە ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار یاساییەکی خستە باری جێبەجێکردنەوە، بە پێی ئەو یاسایە پێویستە تەنیا 7٪ ی ئەو کەسانەی بەشداری حەج دەکەن تەمەنیان سەروو 70 ساڵ بێت، ئەوکات لە هەرێمی کوردستان 14% ی ئەو کەسانەی بڕیار بوو بەشداری وەرزی حەجی ڕابردوو بکەن و تەمەنیان سەروو 70 ساڵ بوو، 7% یان پار نێردران 7%یشیان مانەوە بۆ ئەمساڵ.

پشکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵانە 33 هەزار کەسە بۆ فەریزەی حەج ، واتە بۆ هەر ملیۆنێک کەس، چانسەکە بە 1000 کەس دەدرێت، بەمەش پشکی هەرێمی کوردستان 5135 کەسە، کە بە گوێرەی سەرژمێرییەکانی پێشوو دیاریکراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێک نیە بۆ ئەوەی بە گوێرەی دوایین سەرژمێری نوێ بکرێتەوە.

کاروان ستونی گوتیشی:  حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج هاوکارییەکی باشی هاووڵاتیانی کردووە و  بارگرانی کەمکردووەتە، چونکە لەم سیستمە ناو تۆمارکردن بێبەرانبەرە. بەڵام پێشووتر هەرکەسێک ناوی بۆ حەج تۆمار بکردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دیناری بدات،  دواتریش ئەم بڕە کەمکرایەوە بۆ 25 هەزار دینار. ئەمەش جێبەجێکردنی یەکێک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment