کشمیر.. بەهۆی تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی پۆلیسدا دەیان کەس بوونە قوربانی

سەرچاوەکان لە پۆلیسی کشمیر ڕایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی بڕێکی زۆری تەقەمەنی لەناو بنکەیەکی پۆلیسدا، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو تەقەمەنیانە چەند ڕۆژێک پێشتر لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا دەستیان بەسەردا گیرابوو و بە مەبەستی پشکنین هێنرابوونە بنکەکە.

سەرچاوەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژەیان بەوە کرد، زۆرینەی قوربانییەکان ئەفسەری پۆلیسن، لەنێویاندا ژمارەیەک پسپۆڕی پزیشکی دادی هەبوون کە لە کاتی ڕووداوەکەدا سەرقاڵی پشکنینی ماددە تەقەمەنییەکان بوون.

هەروەها پشتڕاست کراوەتەوە، باری تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە، ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان زیاد دەکات.

تەقینەوەکە هێندە بەهێز بووە کە پاشماوەکانی گەیشتوونەتە ئەو ماڵانەی کە نزیکەی 100 بۆ 200 مەتر لە بنکەکەوە دوورن. سەرچاوەیەک گوتی: "پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان بەردەوامە، چونکە بەشێکیان بە تەواوی سووتاون."

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە  تەنیا چوار ڕۆژ پێشتر، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم هەشت کەس، کە حکوومەت وەک "هێرشێکی تیرۆریستی" وەسفی کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment