زیاتر لە 20 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش کرا
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، ڕایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کردووە و تا ئێستا زیاتر لە 20 ملیۆن لیتر لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش کراوە.
ئاری کاکەشین لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "سنووری پارێزگای هەولێر پێویستی بە 82 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە کە بەسەر 410 هەزار خێزاندا دابەش دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری هەولێرەوە دەستی پێکردووە و دواتریش سەنتەری شاری هەولێر دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر جەختی کردەوە، حکوومەت نەوتەکە بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات و بۆ ئەم مەبەستە 24 بەنزینخانە لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانی تا 4:00ـی دوانیوەڕۆ بۆ دابەشکردنی نەوتەکە دیاری کراون.
هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتی خۆیان پێویستیان بە پسوولەی خۆراک، کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی دەبێت.
