لە 9 پارێزگای عێراق ڕێژەی دەنگدان کەمتر لە 50% بووە
لەم هەڵبژاردنەش بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عیراق متمانەیان بەهیچ حیزبێکی سیاسی نەداوە، هەروەها هاووڵاتیان بەهۆی بێ خزمەتگوزاریی و جێبەجێنەکردنی بەڵێنی لایەنە سیاسییەکان ئامادەنەبوونە لەم هەڵبژاردنەش دەنگ بدەن.
ئەمجارەش بایکۆت دەنگی یەکەمی بەشێکی زۆری پارێزگاکانی ناوەراست و باشووری عیراق بوو، لەکۆی 15 پارێزگای عێراق لە 9 پارێزگایان ڕێژەی دەنگدان نەگەیشتووەتە نیوە و کەمتر لە %50ـی خەڵکی ئەو پارێزگایانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە، لە (بەغدا بەشی ڕەسافە و بابل و کەربەلا و واست و نەجەف و دیوانیە و موسەننا و زیقار و میسان) ڕێژەی بەشداریکردن کەمتر بووە %50، ئەوەی ڕێژەی دەنگدانی لە عیراق بەرزکردوەتەوە، بەشداری کارای هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بووە، لەکۆی 20 ملیۆن و 63 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە لە دەنگدانی گشتی تەنیا 10 ملیۆن و 904 هەزار کەس بەشداری پرۆسەکەیان کردووە.
عیسام فەیلی، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، " ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی فەرمانرەوان لە پارێزگاکانی ناوەراست و باشووری عیراق هۆکاری سەرەکی ڕێژەی بایکۆتن، چونکە هاووڵاتی ئەو پارێزگایانە بەردەوام دۆخی خزمەتگوزاریی و تەندروستی و دۆخی گشتی شارەکەی بەراورد دەکات بە شارەکانی هەرێمی کوردستان."
هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە پرۆسەکە کەمتر دەبێتەوە، بێ خزمەتگوزاریی و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان وای لەخەڵکی کردووە متمانە بە هیچ حیزب و لایەنێک نەکەن و بژاردەی بایکۆت هەڵدەبژێرن، بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدریش هێندەی دیکەی کاریگەری یلەسەر زیادکردنی رێژەی بایکۆت هەبووە بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی هەژموونی سەدرییەکانی تێدایە.
سەرمەد بەیاتی، چاودێری سیاسی دەڵێت: "لەم هەڵبژاردنەش هەمان دەموچاوە سیاسییەکانی پێشوو خۆیان کاندیکرد، بۆیە ئەگەر بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێبکردایە بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاکانی خۆیان، ئێستا دەمانبینی خەڵک دەچوو دەنگی دەدا، بەڵام ئێستا پێچەوانەیە و هاوکات بایکۆتی موقتەدا سەدریش کاریگەریی زۆری هەبووە."
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، لەدەنگدانی تایبەت و گشتی 101 سکاڵا تۆمارکراون بەجۆرێک 44 سکاڵایان لەدەنگدانی تایبەت و 57 سکاڵای دیکەش لە دەنگدانی گشتی بووە.
