سوپای پاسداران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بە تۆمەتی هەڵگرتنی باری پترۆکیمیایی نایاسایی لە کەنداوی عەرەبی، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی (تالارا) دا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵگرتبوو و بەرەو سەنگافوورە دەڕۆیشت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کەشتییەکە 30 هەزار تۆن ماددەی پترۆکیمیایی هەڵگرتبوو، دوای فەرمانی دادوەری و چاودێریکردنی، بەیانی دوێنێ دەستبەسەر کراوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی و سەرچاوەکانی گەلی ئێران ئەنجامدراوە. کەشتییەکە گوازراوەتەوە بەندەر بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەرپێچییەکانی.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام چەندین کەشتی و نەوتهەڵگری دیکەی لە گەرووی هورمز و کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان دەستبەسەر کردووە، لە دیارترین ئەو حاڵەتانەدا، لە ساڵی 2024دا کەشتییەکانی (سەینت نیکۆلاس) و (ئێم ئێس سی ئاریز) بوون.
ئەم هەوڵانەی ئێران لە لایەکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی سووتەمەنی و لە لایەکی دیکەوە وەک کارتێکی فشاری ستراتیژی لە ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکاندا سەیر دەکرێن، کە دەشێ گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات.
تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی سروشتی سەرپێچییەکەی کەشتی (تالارا) و چارەنووسی تیمی کەشتییەکە ئاشکرا نەکراوە.
