وشكهساڵیی كاریگهریی لهسهر ژینگهی ههرێمی كوردستان كردووه
ئەمساڵ بەهەزاران داری جوانکاری لە شەقام و کۆڵان و نێوان شەقامەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین وشکبوون ، دارەکان لەجۆری توو، ناروەند و چنار و سنۆبەرن، بەشێکیان بەهۆی کاریگەری نەخۆشی و ژینگەیی لە ڕەگەوە وشکبوون، دارستانەکانی ڕانیە و قەڵادزێش بەهەمان شێوە لە دوو سێ ساڵی ڕابردوو هەزاران داری بەتەمەنیان تێدا وشکبووە، سەرباری چەندان جار لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ. چارەسەرکردن و ڕێگری لە وشکبوونیان هيشتا بارودۆخەکە وەک خۆیەتی و دارەکان وشک دەبن .
دیمەنی وشکبوونی دار و درەختەکانی جوانکاری هاوشێوەی ئەو دارە، لە شەقام و کۆڵان و ناو باخچە و بەردەم ماڵانی گەڕەکەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین زۆر بەرچاو دەکەوێت.
داری توو، ناروەند، ڕۆنیا و چنار و چەند جۆری دیکە، هەندێکیان لە ڕەگەوە و بەشێکیان قەد و لق و پۆپیان وشکهەڵاتووە.
بەگوێرەی ئاماری شارەوانیەکانی ڕاپەرین ژمارەی دارەکان بەهەزاران دار دەبێت و کاریگەری لەسەر ڕێژەی سەوزایی سنورەکە دەبێت.
مامۆستا حاجی محەممەد، چالاکوانی ژینگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری وشکبوونی دارەکان وشکەساڵییە، بەفروباران هۆکاری سەرەکییە و ئاوی ژێر زەویش زۆر کاریگەری هەیە. بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی کە دەکرێت، دەگوترێ ئاوی ژێر زەوی بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو 40 بۆ 50 مەتر ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە. ئەوەش کاریگەیر لەسەر ئەو دار و درەخت و ڕووەکانە دەبێت کە شێ لەناو خاکدا نەماوە.
هەر داری جوانکاری شەقام و کۆڵان و ناوەندە شەقامەکان نین تووشی نەخۆشی ئافات هاتوون، داری سنەوبەرەکانی دارستانەکانی ڕانیە و قەڵادێش سێ ساڵە نەخۆشیان تێدا بڵاوبۆتەوە و زیاتر لە دوو هەزار و 500 داری تەمەن 50 ساڵی لە ڕەگەوە وشکبوون.
وشکبوونی داری دارستانەکانی ڕانیە و قەڵادزێ وایکردووە چالاکانی ژینگە داوای هەڵمەتێکی فراوانی نەمام چاندن بۆ شوێن گرتنەوەی دار سنۆبەرە وشکبووەکان بکەن.
یاسین خدر، ئەندامی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: بە هانای دارستانی ڕانییە بکەون ئەگەر وا بڕوات ئەوا ساڵێکی دیکە یەک داری لێنامێنێت. دارەکان هەمووی وشکبوون، چارەسەرەکەش ئەوەیە شوارایەکی جوانی بۆ بکرێت و ئەو دارانەی وشکبوون داری دیکەی لە جێگە دابچێنن، داوا لە خەڵکی ڕانییە دەکەم هەر یەک کەس بە یەک دار بەشدار بێت لە چاندنی تاکوو ئەو دارستانە وشکنەبێت و وێران بیت.
ژمارەی ئەو دارانەی وشکبوون بە شەش هەزار و ژمارەی داری دارستانەکانیش لە دوو هەزار و 500 دار سنوبەر زیاترە، ژینگەی ڕاپەرین و بەشی باخچەکان لە شارەوانیەکانی ڕاپەرین پلانیان هەیە چۆن بتوانن چارەسەری بکەن.
