75%ـی پرۆژەی بازنەیی ئامێدی تەواو بووە
کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگای بازنەیی 'کەمەری' دەوروبەری ئامێدی بەردەوامە، درێژیی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی چوار کیلۆمەترە و بڕی 2 ملیار و 300 ملیۆن دیناری لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تەرخانکراوە. ڕێژەی کارکردن لەم پڕۆژەیەدا گەیشتووەتە 75% و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشتیاران.
گارە شەعبان، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەکە نزیک بووەتەوە لە قۆناغی کۆتایی، گوتیشی، دوو هەزار و 400 مەتر لە ڕێگای کەمەریی تەواو بووە و 400 مەتری ماوە، هەروەها لە قوتابخانەی قووبەهانیش 400 مەتری تەواو بووە و نزیکەی 300 مەتری ماوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەکە تەنیا دانانی بەردەکانی ماوە، لەگەڵ دانانی ئینارە و کارەبا.
خالی خەیات، شوێنەوارناس دەڵیت: ئەم شەقامە دروستکراوە بۆ پیادە، شوێنەوارەکانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە بازنەی ئامێدی دەسوڕێتەوە، زۆر دیمەنی جوان کە نەتبینیوە، دەتوانیت لەو شەقامەدا بیبینیت. بۆیە دەبێتە شتێکی سەرنجڕاکێش و شوێنێک بۆ پیاسەکردن و شتێکی زۆر جوانە.
گوتیشی: لە سەردەمی مەلیکدا کۆشک لە ئامێدی دروستکراوە، چونکە شوێنێکی فێنکە و دیمەنی زۆر جوانی هەیە و ڕووبار و تاڤگەی تێدایە.
درێژیی پڕۆژەکە نزیکەی چوار کیلۆمەترە، تێچووی پرۆژەکە نزیکەی دوو ملیار و 300 ملیۆن دینارە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە، ئەم ڕێگایە وای لێدەکات ناوچەکە سەرنجڕاکێشتر بێت بۆ گەشتیاران و دیمەنی جوانتر پێشکەش بکات.
