پزیشکیان: پەیکەربەندی ئیدارەدانی دەوڵەت هۆکاری کورتهێنانی بودجەیە

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پەیکەربەندی ئیدارەدانی وڵات زیاد لە پێویست زەبەلاحە و هۆکارێکی ڕیشەیی کورتهێنانی بودجەیە، لە نێویشیاندا وەزارەتی بەرگری، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە نەهێشتنی گرفتەکان و ڕێکخستنەوەی ناهاوسەنگییەکان هەبێت.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانەی بەسەرکردنەوەی بەشە زیانلێکەوتووەکانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ستراتیژی وەزارەتەکە کرد و گوتی: ئەم وەزارەتە سەرەڕای ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیەتی، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە هاوسەنگ کردنەوەی تواناکانی ئێران لە سێکتەرە جیاوازەکانی مەدەنی و تەکنیکی و ژێرخانی وڵاتدا ببینێت.

گوتیشی، گەورەیی و زیاد لە پێویستبوونی پەیکەربەندی ئیداری وڵات، کە هۆکاری خەرجییەکی زۆرە، هۆکارێکی سەرەکی و ڕیشەییە لە کورتهێنانی بودجە و ناهاوسەنگی سەرچاوەکانی داهات و خەرجی، بەڵام هێزە چەکدارەکان توانای مرۆیی بەرچاویان هەیە کە دەتوانرێت لە نەهێشتنی کێشەکان و ڕێکخستنەوەی ناهاوسەنگییەکان پشتیوانێکی گەورەی دەوڵەت بن.

پزیشکیان هەروەها دەشڵێت: هەموو تواناکانمان خستووەتە گەڕ تا لە بودجەی ساڵی داهاتوو دا خەرجییەکان کەم بکەینەوە و ڕێگری لەو ناهاوسەنگییانە بکەین.

سەرۆک کۆماری ئێران ڕەخنەی توندی لە کابینەکانی حکوومەتی پێشوو گرت و ڕایگەیاند، لە 47 ساڵی ڕابردوودا لە بری ئەوەی کێشەکان لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر بکرێن، تەنیا گۆڕانکاری لە ڕووخسارەکان کراوە، بەڵام ناکرێت ناڕەزایەتی خەڵک لە کەمی و خراپی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان کۆ بکرێتەوە، لە کاتێکدا بودجەیەکی گەورە بۆ بەڕێوەبردن خەرج دەکەین و مووچەی فەرمانبەران دەدەین.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، پزیشکان ئاماژەی بەوەدا، "دوژمنانی ئێران دەیانەوێت لە ڕێگەی کێشە ئابوورییەکان و تەشەنە بە ناڕەزایەتی و پشێوییە ناوخۆییەکان بدەن، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم کێشانە دەبێت بە کردەیی پێویستمان بە بەڕێوەبردنێکی جیهادیانەیە، بە هەمان شێوەی سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، کە چین و توێژە جیاوازەکان دەستیان لە کار و کەسابەتی خۆیان هەڵگرت و بۆ یارمەتیدانی وڵات چوونە مەیدانی جەنگ".

ئێران چەند ساڵێکە بە دەست چەندین کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە، دۆخەی ئێستا هەر خێزانێکی سێ تا چوار کەسیی لە ئێران، بە کەمتر لە 40 ملیۆن تومەنی مانگانە، بژێویان هەڵناسووڕێت.

 
Fly Erbil Advertisment