فڕینی دوو فڕۆکەی B52 بەسەر کەنداودا ئێران نیگەران دەکات
سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی (ئتیڵاعات) بڵاوی کردەوە، دوێنێ، دووشەممە، دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری B52 ی ئەمەریکی بە ژمارەکانی 60-0059 و60-0062 تۆمارکراو، لە بنکەی ئاسمانیی مۆرۆن لە ئیسپانیاوە هاتوون و بۆ ماوەیەک بە سەر کەنداودا فڕیوون.
ڕۆژنامەکە، لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی "نازانرێت ئەو دوو فڕۆکەیە بە چ نیازێک هاتبوون؛ بەڵام پاش ئەوەی یەکێک لەو فڕۆکانە بە ئاسمانی قەتەرەوە بەنزینی وەرگرتووە، گەڕاوەتەوە ئیسپانیا و ئەوی دیکەش بە ئاسمانی سعوودیەدا بەرەو باشوور فڕیووە."
ئیتڵاعات، لە کۆتایی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی "فڕینی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B52، بە بیانووی ڕاهێنان، بەسەر کەنداودا دەکرێت پەیامێکی تایبەتی بێت."
ماوەیەکە باسوخواستی دەستپێکردنەوەی جەنگێکی نوێ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمەریکا، گەرمە. بەتایبەتی پاش ئەوەی سێ دەوڵەتە ئەورووپاییەکە، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بە نیازن لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیارنامەیەکی نوێ دژی ئێران پێشکەش بکەن.
کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند "لە ئەگەری دەرچوونی ئەو بڕیارنامەیەدا، ئێران پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانس دەکات."
