ئێران نەوتهەڵگری 'تالارا' ی ئازاد کرد
کۆماری ئیسلامیی ئێران کەشتیی نەوتهەڵگری 'تالارا'ی لە دوای پێنج ڕۆژ لە ڕاگرتنی، ئازاد کرد.
کۆمپانیای کۆڵۆمبیا، کە خاوەنی کەشتیەکەییەکەیە، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، ئێران نەوتهەڵگری 'تالارا'ی لەگەڵ هەموو ئەندامانی تیمی خزمەتگوزاری کەشتییەکە ئازاد کرد."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرجەم ئەندامانی تیمی خزمەتگوزاری کەشتییەکە سەلامەتن و هەواڵی ئازادییان بە خانەوادەکانیان ڕاگەیەنراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کەشتیەکە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشالی لەسەر بوو ئێستا ئازادە و دەتوانێت دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
پێشتر، کۆمپانیای کۆڵۆمبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو "هەینی 14ی تشرینی دووەمی 2025، پەیوەندییان لەگەڵ کەشتی تالارا کە بڕێکی زۆری سووتەمەنی تیدا بووە، پچڕاوە."
سوپای پاسدارانی ئێران، شەممە 16ی تشرینی دووەم، دەستبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند "یەکەکانی کاردانەوەی خێرای هێزی دەریایی ئێران بەهۆی هەڵگرتنی باری بێ مۆڵەت، دەستیان بەسەر کەشتیەکدا گرتووە."
بە گوتەی سوپای پاسداران، هەڵگرتنی 30 هەزار تۆن مادەی پترۆکیمیایی لەلایەن کەشتیەکەوە پێشێلکارییەکی ڕوونە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، ڕاگرتنی کەشتیی تالارا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گەلی ئێران بووە.
