ترەمپ پلانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیای پەسەند کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، کەناڵی ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە بێدەنگی پلانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیای پەسەند کردووە.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ئۆکرانیا پێشنیازێکی نوێی ئاشتی لە ئەمەریکاوە پێگەیشتووە کە داوا دەکات کیێڤ دەستبەرداری خاکی داگیرکراوی لەلایەن ڕووسیا بێت و قەبارەی سەربازییەکەی بۆ زیاتر لە نیوە کەم بکاتەوە. بەگوێرەی بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە پێشنیازەکە، گوتی: لە ڕەشنووسی پێشنیازەکەدا داوای "دانپێدانان بە کریمیا و ناوچەکانی دیکەی دەستبەسەرداگیراو لەلایەن ڕووسیا" و "کەمکردنەوەی قەبارەی سوپا بۆ 400 هەزار سەرباز" کراوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە ئاماژەمان پێدەگات کە وامان لێدەکات باوەڕمان بەوە هەبێت کە پێویستە ئەم پێشنیازە قبوڵ بکەین."
ڕۆژی چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، لە یەکێک لە خراپترین هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بە تایبەتی لە شاری لڤیڤ، ئیڤانۆ-فرانکیڤسک و تێرنۆپیل، 25 کەس کوژران و زیاتر لە 90 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کرێملین ڕۆژی چوارشەممە ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە بدات کە ماڵپەڕی هەواڵی ئەمەریکی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن واشنتن و مۆسکۆ بە نهێنی کار لەسەر پلانێکی ئاشتی دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نزیکەی چوار ساڵە لە ئۆکرانیا.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، ئەندرێ سیبیها، بە گاڵتەجاڕیەوە گوتی: "لە ڕاستیدا 'پلانەکانی ئاشتی' ڕووسیا بەم شێوەیەن." ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، شۆکی خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕووسیا بۆ سەر تێرنۆپیل دەربڕی و ڕایگەیاند، دوایین هێرشەکان "جارێکی دیکە بە ئازارەوە تیشکی خستۆتە سەر سروشتی ترسناکی مووشەکی بەهێزی دوورمەودا، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی درۆن لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا" لە ئۆکرانیا.
لای خۆیەوە فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، "چڕبوونەوەی بەرفراوان"ی هێرشەکانی ڕووسیای شەرمەزار کرد و گوتی: "ئەمە پەیوەندی بە ئامانجە سەربازییەکانەوە نییە؛ تیرۆرێکی پاکە بەرامبەر بە دانیشتوانی مەدەنی ئۆکرانیا."
دوای ماوەیەکی کەم لە کۆبوونەوەی نێوان زێلێنسکی و ئەردۆغان لە ئەنقەرە، سەرۆکی ئۆکرانیا هیوای دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ڕووسیا "تا کۆتایی ئەمساڵ". بەرپرسێکی ئۆکراینی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداری ڕووسیا بەڕێوەچوو، ئامانجی "سەرلەنوێ بەشداریکردنە"ی ئەمەریکا لە پرۆسەی ئاشتی وەستاودا، هەرچەندە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا ئامادە نەبوو، لەکاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا و ژێرخانی وزە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە ئەوە دەردەخەن کە "فشارەکان لەسەر ڕووسیا بەس نەبوون."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا خۆی وەک ناوبژیوانێک لە ململانێکاندا نیشانداوە، هەرچەندە واشنتن لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا پاڵپشتییەکی گەورەی سەربازی و دارایی کیێڤ بووە. بەڵام هەوڵەکانی ترەمپ نەبووەتە هۆی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان و لە مانگی تشرینی یەکەمدا سەرۆکی ئەمەریکا سزای بەسەر کەرتی نەوتی ڕووسیادا سەپاند. سەرەڕای چەندان خولی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەمساڵدا لە ئەستەنبوڵ، هەردوولا لەسەر مەرجەکانی ئاشتی و ئاگربەست تا ئێستا دژایەتییەکی زۆریان هەیە.
ڕووسیا نزیکەی 20%ی خاکی ئۆکرانیای بەدەستەوەیە، داوای ئەوە دەکات کیێڤ دەستبەرداری پێنج هەرێم بێت و دەستبەرداری هەوڵەکانی ئەندامێتی لە ناتۆ بێت. کیێڤ ئەم داواکاریانە ڕەتدەکاتەوە و داوای جێگیرکردنی هێزەکانی ڕۆژئاوا دەکات لەو خاکانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ماونەتەوە – بیرۆکەیەک کە ڕووسیا بە قبوڵنەکراو دەزانێت.
خواستی کیێڤ بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لە کاتێکی زۆر سەختدایە بۆ سوپای ئۆکرانیا. وا دیارە شاری پۆکرۆڤسکی ڕۆژهەڵات لە لێواری کەوتندایە و لە هاوینی ئەمساڵدا سەربازانی ڕووسیا دەستیان بەسەر ناوچەی دنیپرۆپترۆڤسکدا گرت. ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ناوچەی باشووری زاپۆریژژیاش پێشڕەوی دەکەن، کە بەرەی دوو ساڵە تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر بوو.
