هەسەدە دوو درۆنی داعشی خستە خوارەوە

گومان لە هاوکاریی دیمەشق و چەکدارانی بیانی دەکرێت

شەوی ڕابردوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، دوو درۆن سەر بە ڕێکخراوی داعشیان خستووەتە خوارەوە. بە وتەی هەسەدە، ئەو درۆنانە لە پێگەکانی هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە لە میحوەری گوندی غانم عەلی لە لادێی ڕۆژهەڵاتی ڕەققە هەڵدراون.

لە بەیاننامەیەکدا، هەسەدە ڕوونیکردەوە، یەکەم درۆن جۆری "ماتریس ئێم 30" بووە، و دووەمیش درۆنێکی هێرشبەری جۆری "FPV" بووە. دوای دەستبەسەرداگرتنی پاشماوەی درۆنەکان و پشکنینی ناوەڕۆکەکانیان، تیمە تەکنیکییەکان توانیویانە زانیاری لەسەر میمۆری کارتی درۆنی یەکەم دەربهێنن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەسەدە، شیکارییەکان دەریانخستووە، کارپێکەرانی درۆنەکان کۆمەڵێک چەکداری بیانی سەر بە داعش بوون، کە بنکەیان لەناو پێگەکانی فراکسیۆنەکانی حکوومەتی دیمەشق لە بەرامبەر هێڵەکانی بەرگریی هەسەدەدا دامەزراندووە.

هەسەدە پشتڕاستی کردەوە، ئەم زانیاریانە "تێوەگلانی چەند گروپێک بۆ حکوومەتی دیمەشق لە هاوکاریکردنی توخمە بیانییەکانی داعش ئاشکرا دەکات، ئەمەش وایان لێدەکات پێگەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی سیخوڕی و درۆن بەکاربهێنن". هەسەدە ئەمە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی مەدەنی و سەقامگیری ناوچەکە و هەوڵێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دەزانێت.

هەسەدە داوای لە هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەم زانیاریانە بکەن و لێکۆڵینەوە لە تێوەگلانی داعش لە بەکارهێنانی درۆن لە ناوچەکانی پێکدادان دەستپێبکەن و بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێن کە پاڵپشتی تەکنیکی و لۆجستییان بۆ دابین دەکەن. هەسەدە هۆشداریدا لەوەی پشتگوێخستنی ئەم پێشێلکارییانە "هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات و دەرگا بۆ ئەو ڕێکخراوە دەکاتەوە کە چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment