ناتانیاهۆ سەردانی باشووری سووریای کرد

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەشتێکی بۆ باشووری سووریا ئەنجامدا و سەردانی سەربازەکانی کرد کە لە بنکەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە جێگیر کراون. ناتانیاهۆ جەختی لە "گرنگی" ئامادەبوونی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا کردەوە.

لە میانی سەردانەکەیدا، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: "ئێمە بایەخێکی زۆر بە تواناکانمان دەدەین لێرە، چ لە ڕووی بەرگریی و چ هێرشبردنەوە، بۆ پاراستنی هاوپەیمانە درووزەکانمان و بەتایبەتی بۆ پاراستنی ئیسرائیل و باکووری وڵاتەکەمان، بەرامبەر بەرزاییەکانی جۆلان. ئەمە ئەرکێکە کە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا پەرەبسێنێت." بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، مەبەست لە سەردانەکە سوپاسکردنی ئەو سەربازانە بووە بۆ هەوڵەکانیان لە ناوچەکەدا.

بەرپرسێک لە نووسینگەکە ڕوونیکردەوە: "سەردانەکەیان بەرز نرخاندن." ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لەو سەربازانە لە شەشەمین گەشتیی ئەرکدان و ڕایانگەیاندووە دەیانەوێت بەردەوام بن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی سەرجەم سنوورەکان.

هەروەها لە سەردانەکەدا، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل؛ جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوە؛ لیوا ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل؛ دەیڤید زینی، بەڕێوەبەری شاباک؛ و یەهێئیل لایتەر، سەرۆکی شاندی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری باڵای هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) بەشدار بوون. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment