مۆساد: تۆڕێکی چەکداری سەر بە 'حەماس'مان لە ئەورووپا هەڵوەشاندەوە
ئاژانسی هەواڵگریی ئیسرائیل 'مۆساد' لە ڕاگەیەنراوێکدا، وردەکاریی دۆزینەوە و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی سەر بە حەماسی لە ئەورووپا ئاشکرا کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی مۆساد، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیدا، ئەندامانی ئاژانسەکە لە ناوەندی ئەورووپا، تۆڕێکی چەکداری سەر بە حەماسیان هەڵوەشاندووەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "مۆساد، لە هەڵمەتێکدا تۆڕێکی بزووتنەوەی حەماسی هەڵتەکاندوە کە سەرکردایەتییەکەی لە ئەورووپا دایمەزراندبوو بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئیسرائیلی و جووەکان لە جیهاندا."
مۆساد لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێت: بە هاوکاریی لەگەڵ دەسەڵاتی جیبەجێکردنی یاسا لە وڵاتانی ئەورووپا، وەک ئەڵمانیا و نەمسا، ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزی قەڵاچۆکردنی تیرۆرمان جێبەجێ کردووە.
مۆساد، جەختی کردووەتەوە لەوەی "ژمارەیەک کەسیان دەستگیر کردووە، کە ئاژانسەکە بە "تیرۆریست" ناوی بردوون، هەروا چەند شوێنی حەشاردانی چەکیان دۆزیوەتەوە کە حەماس بە نیازبووە بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکانی بێتاوان بەکاریان بهێنێت."
کەناڵی 12ـی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا بڵاوی کردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، مۆساد و دەزگای هەواڵگریی نەمسا کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی سەر بە حەماسیان لە نەمسا دۆزیوەتەوە.
