بەرگریی شارستانیی فەڵەستین کوژرانی 27 هاووڵاتیی سڤیلی لە غەززە ڕاگەیاند
بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی کوژرانی 27 هاووڵاتی و برینداربوونی دەیانی دیکەی لە ئەنجامی بۆمبارانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەرتەکە، ڕاگەیاند.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی، ڕایگەیاند "دوێنێ، چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەم 2025، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، چەند ناوچەیەکەی لە کەرتی غەززە بۆمباران کرد و لە ئەنجامدا 27 هاووڵاتیی سڤیل کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن."
بەسەڵ، بە ئاژانسی 'فرانس 24'ـی ڕاگەیاند "تەنیا لە گەڕەکی زەیتوونی شاری غەززە، 12 کەس کوژراون، لەوانە 6 منداڵ و 3 ئافرەتن، جگە لە برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. لە شاری خانیوونس 13 کەس کوژراون کە 4 منداڵ و 4 ئافرەتیان تێدایە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوونە."
سوپای ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوە دەکات، هێزەکانیان وەڵامی تەقەی چەکدارانی حەماسیان داوەتەوە کە بە ئاراستەی پێگەکانی ئەوان تەقەیان کردووە؛ بەڵام بزووتنەوەی حەماس ئەوە ڕەت دەکاتەوە و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ، تۆمەتبار دەکات.
ئەم بۆمبارانە، پاش ڕۆژێک لە بۆمبارانی ئۆردووگای 'عەین حلوە'ـی پەنابەرانی فەڵەستینی لە باشووری لوبنان دێت کە بووە هۆی کوژرانی 13 هاووڵاتیی سڤیل. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکە بۆ سەر بنکە و شوێنی ڕاهینانی چەکدارانی حەماس بووە.
بەردەوامیی بۆمباران و مردن
ئەشرەف ئەبو سوڵتان، دانیشتوویەکی شاری غەززە، بە ئاژانسی فرانس 24ـی گوت: پاش ئاوارەبوونێکی یەک ساڵە، چەند ڕۆژێکە لەگەڵ خێزانەکەمدا گەڕاومەتەوە غەززە و دەستم بە نۆژەنکردنەوەی ژوورێکی ماڵە ڕووخاوەکەم کردووە، بەڵام ئەوەتا دووبارە بۆمباران دەستی پێ کردەوە.
نیفین ئەحمەد، ئاوارەیەکی خانیوونس گوتی: بۆ هەر کوێیەک بچین بۆمباران و مردن دوامان دەکەوێت. سەرباری ئەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە غەززەن، بەڵام بۆمباران نەبڕاوەتەوە و ڕۆژانە، دەیان کەسی سڤیل دەکوژرێن و بریندار دەبن.
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا، ڕۆژانە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە ڕوودەدەن و بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەو کاتەوە زیاتر لە 280 فەڵەستینی کوژراون.
