دۆناڵد ترەمپ: لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان کۆتایی بەشەڕی ناوخۆی سوودان دەهێنین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە داوای لێکردووە دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوودان، هاوکات سوودانیش پێشوازی لە هەوڵەکانی سعوودیە و ئەمەریکا کرد بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

لە لووتکەی سعوودیە- ئەمەریکا، کە دۆناڵد ترەمپ و محەممەد بن سەلمان ئامادەی بوون، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: شازادەی جێنشین باسی سوودانی کرد و گوتی: تۆ باسی شەڕی زۆر دەکەیت، بەڵام شوێنێک هەیە لەسەر زەوی بە ناوی سوودان، ئەوەی لەوێ ڕوودەدات ترسناکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی بن سەلمان باسی سوودانی کرد، نیو کاتژمێر دوای ئەوە ئیدارەکەی دەستی بە لێکۆڵینەوە لەو پرسە کرد.

ترەمپ لەسەر هەمان بابەت لە (سۆشیال تروس) نووسیویەتی: "دڕندەیی گەورە لە سوودان ئەنجام دەدرێت، بووەتە توندوتیژترین شوێنی سەر زەوی، هەروەها گەورەترین قەیرانی مرۆیی تێدایە و پێویستییەکی زۆری بە خۆراک و پزیشک و هەموو شتێک هەیە."

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشکرد، سەرکردەکانی عەرەب لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت محەممەد بن سەلمان، داوایان لێکردووم کە دەسەڵاتەکانم بەکاربهێنم بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو ئاڵۆزیانە بوەستێنم کە لە سوودان ڕوودەدەن، سوودان شارستانیەت و کولتوورێکی گەورەی هەیە، بەڵام بەداخەوە بەرەو داڕمان چووە، دەبێت لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگی وڵاتان ئەوانەی لەو ناوچەیە سامانێکی زۆریان هەیە چاک بکرێتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات و میسر و هاوبەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم دڕندەییانەی، لە هەمان کاتدا سەقامگیری بۆ سوودان بگەڕینینەوە.

لای خۆیەوە مەسعەد بۆلس، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقا ڕایگەیاند، ئەمەریکا پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی سوودان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئاشتی و سەقامگیری، گەلی سوودان دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی، ترەمپ ئاشتی دەوێت.

لای خۆیەوە عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان سوپاسی شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆکی ئەمەریکای کرد.

شەڕی سوودان لە 15ـی نیسانی 2023ەوە لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا و دەیان هەزار کەس بەهۆیەوە کوژران و برینداربوون، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سوودان بوون.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment