دەستەی دەستپاکی، مووچەی خانەنشینانی لە ئەنبار ڕاگرت
لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە پارێزگای ئەنبار، دەستی بەسەر بڕێک پارەی خانەنشینیدا گرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی تەرخانکرابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەکە ڕوونی کردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەی ئەنبار، بە هەماهەنگی لەگەڵ دادوەری دادگای دەستپاکی لە پارێزگاکە، سەردانی بەشی قوربانیانی تیرۆری سەر بە دەستەی گشتیی خانەنشینییان کردووە. لەوێدا، کەیسەکانی دەستکاریکردن و ساختەکارییان لە فایلەکانی خانەنشینیدا ئاشکرا کردووە کە لە ڕێگەی سیستمی بارکۆدەوە پێشکەش بە دەستەی خانەنشینی نیشتمانی کرابوون. ئەم فایلە ساختانە بوونەتە هۆی خەرجکردنی نایاسایی پارەی خانەنشینی بۆ خاوەنەکانیان.
دەستەکە ئاشکرای کرد، کۆی گشتیی ئەو پارەی خانەنشینییەی بە نایاسایی خەرجکرابوو بۆ ئەو فایلە ساختانە، گەیشتووەتە 544,277,305 دیناری عێراقی. دووپاتیشی کردەوە، دوای خستنەڕووی دۆسیەکە بۆ دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە، بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی پارەی سەرجەم ئەو مەلەفە دەستبەسەرداگیراوانە دراوە.
ئەمەش وەک هەنگاوێک دێت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی لە عێراقدا.
