لە عێراق دەیان باند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵی بردنی پارەی خەڵك دەدەن
لە عێراق دەیان باند دروستبوون لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تەلەفۆن و ماڵپەڕەکانەوە هەوڵی خەڵەتاندنی خەڵک دەدەن و بە چەند ڕێگەیەک پارەیان لێوەردەگرن، بانکی ناوەندییش هۆشداریی دەدات و بە مەترسییەکی گەورەی ناودەبات.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بڵاوکردەوە کە توانیویانە ئەندامانی 74 باند دەستگیر بکەن کە هەوڵی خەڵەتاندنی خەڵکیان داوە و بە شێوازی جیاواز لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە پارەیان لێ وەرگرتوون.
باندەکان لەڕێگەی سۆشیال میدیا، ماڵپەڕ، پێگە و تەلەفۆنەوە، ئۆفەری جیاوازیان پێشکەش بە هاووڵاتییان کردووە، ئامانج لەوەش تەنیا ڕاکێشانی پارە و خەڵەتاندنی خەڵک بووە، بۆ نموونە لە سۆشیال میدیا ڕیکلامیان کردووە بۆئەوەی دینار بە بەهای فەرمی دەگۆڕنەوە بە دۆلار، بەڵام کاتێک هاووڵاتییەکە پارەکەی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەنێرێت، ئەوان هیچ بڕە دۆلارێکی پێ نادەن.
عەلا فەهد، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی ئەو کێشەیەوە ڕایگەیاند؛ ئەو هەوڵانە مەترسی گەورە لەسەر سیستمی بانکی و دۆخی دارایی وڵات دروست دەکەن و متمانە کەم دەکەنەوە.
جەختیشی کردەوە؛ بانکی ناوەندی چەندان ڕێکاری وردی گرتووەتەبەر بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هەوڵانە و بەردەوامیش هەمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان هەبووە لەو هەوڵانەی خەڵەتاندن.
