بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی باران بارین مین و تەقەمەنییەکان بە دەردەکەون.

عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە وەرزی سەرما بەهۆی باران بارین زۆر جار دەبێتە هۆی دەرکەوتنی مین و یان پاشماوە تەقەمەنییەکان، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە هەموو کێڵگە مینەکان هیچ پاشماوەی تەقەمەنی بە دەرنەکەوتوون.

بەڕێوەبەری دەزگای مین لە هەولێر ئاماژەی بەوە دا، کارمەندەکانیان بەردەوامن لە پاککردنەوەی کێڵگە مینەکان و هەروەها هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە لە دەرکەوتنی مین و تەقەمەنییەکان، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک ڕێنمایی نوێ دەردەکەن، بەتایبەتی بۆ ئەو خانەوادانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و  52 کێڵگەی مین پاککراونەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment