ئێران لەبارەی کوشتنی بەرپرسێکی قاعیدە لە تاران: زانیاریی دروستکراوە

"واشنتن و تەلئەڤیڤ هەر جار نا جارێک هەوڵدەدەن ئێران بە رێکخراوی تیرۆرستی ببەستنەوە"

K24 - هەولێر

ئێران لەبارەی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییەی لە نیویۆرک تایمز بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە کوشتنی بەرپرسی دووەمی رێکخراوی قاعیدە لە تاران، هاتە دەنگ و دەڵێ "ئەو زانیارییانە دروستکراون".

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ (شەممە، 14-11-2020) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "واشنتن و تەلئەڤیڤ هەر جار نا جارێک هەوڵدەدەن ئێران بە رێکخراوی تیرۆرستی ببەستنەوە ئەمەش لەڕێگەی درۆ و پێدانی زانیاریی دروستکراو بە ئامرازەکانی راگەیاندن".

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو؛ ئەبو محەمەد مەسری، کەسی دووەمی رێکخراوی قاعیدە لەلایەن دوو کەسەوە لە شەقامێکی شاری تارانی پایتەختی ئێران تەقەی لێکرا و کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، رووداوەکە لە 7-8-2020 روویداوە، "دوو سیخوڕی ئیسرائیل بە فەرمانی ئەمریکا لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە لە شەقامێکی تاران تەقەیان لە ئەبو محەمەد مەسری کردووە".

ئەبو محەمەد مەسری، ناوی راستەقینەی عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵایە و تۆمەتباربوو بە تەقاندنەوەی دوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەفریقا لە ساڵی 1998.

ئەمەریکا تاران تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی سەرانی ئەو رێکخراوانەی دوژمنی ئەمەریکان، هەرچەندە ئەو کەسانە هەمان ئەجێنداشیان لەگەڵ ئێران نەبێت، بەڵام ئێران ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.