عەباس عراقچی: ئێران نیازی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی نییە

بەر لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، تاران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی لەژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییە ڕووخاوەکان دەرناهێنێت.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری(ئیکۆنۆمیست)ـی بەریتانی، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕایگەیاند: هیچ نیازی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراومان نییە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخێنراوەکاندا ماون، تا ئەو کاتەی دەگەین بە ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

هەروەها عراقچی بە تووندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە کارمەندانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراویان بەر لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوەکە دەرهێنابێت.

ڕاگەیەندراوەکانی عەباس عراقچی لە کاتێکدا دێن کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ناوچەکە زنجیرەیەک جموجۆڵی سەربازی بەخۆوە بینی، لەنێوانیاندا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە شەوی 13ی  حوزەیران لەدژی ئیسرائیل و دواتر وەڵامدانەوەی ئێران لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا. 

ئەمەریکاش لەم جموجۆڵانەدا کاردانەوەی هەبوو و دوای نۆ ڕۆژ لە هەڵکشانیان هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە فەردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان.

ئێوارەی 23ی حوزەیرانی 2025، ئێران هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانی (ئەلعودەید)ـی ئەمەریکی لە قەتەر کە بە گەورەترین بنکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەندرێت.

دوای هێرشەکە، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەزامەندی ئیسرائیل و ئێرانی ڕاگەیاند بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕۆژی 24ی حوزەیرانیش ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment