سامان بەرزنجی: نەخۆشخانەکانی کوردستان خاوەنی ئامێری پێشکەوتووی تیشک و سۆنارن

لە دهۆک بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پزیشکان و پسپۆرانی بواری تیشک و سۆنار، سێیەمین کۆنفێرانسی تیشک و سۆنار بەڕێوەچوو.

ڕۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانی تیشک و سۆنار لە دهۆک، ڕۆڵی پزیشکانی تیشک و سۆناری بە بەرز نرخاند.

سامان بەرزنجی ئاماژەشی دا، لە جیهانی پزیشکیدا تیشک ئێستا تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی نییە، بەڵکوو ڕۆڵی لە چارەسەریشدا هەیە و بووەتە جێگرەوەی نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، ئەو جۆرە کۆنفرانسە زانستییانە بەشێکن لە بەرنامەی پەرەپێدانی پزیشکی بەردەوام  لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی پرۆگرامەکانی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی تەندروستییە لە هەرێمی کوردستان.

هەوەها جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە کەمتر نین لە کۆنفرانسەکانی جیهان و توانای پزیشکانی کوردیش کەمتر نییە لە توانای پزیشکانی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان.

سامان بەرزنجی ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی  هەرێمی کوردستانی کرد لە دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان و بە تایبەتیش دابینکردنی ئامێرەکانی تیشک و سۆنار لە سەنتەر و دەرەوەی شارەکاندا.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند:  پزیشکانی کورد لە پێشەنگی قوتابیانی بۆردی عەرەبی بوونە لە بواری تیشک و سۆنار کە ئەمەش بەڵگەی توانا و پێشکەوتنی کوردستانە لەو بوارەدا.  

 
Fly Erbil Advertisment