مارک ساڤایا: دۆخەکە وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە

مارک ساڤایا
مارک ساڤایا

نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، بە فەرمی ئەو دەنگۆ و ڕاپۆرتانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی یان دوورخستنەوەی دەکەن و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت: هیچ شتێک نەگۆڕاوە.

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کە لەبارەی چارەنووسی مانەوەی لە پۆستەکەی بڵاوببوونەوە.
ساڤایا لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، دۆخەکە وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، ئێستا بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی عێراق دەکات و لە دۆخێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بەردەوامی بە جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانی دەدات،ئەم لێدوانەش وەک وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی بانگەشەی دوورخستنەوەیان دەکرد.
هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەکەی ساڤایا، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کردووە، جووڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن لە عێراق چڕتر دەبنەوە، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، شاندێکی باڵای ئەمەریکا کە لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە پێکهاتوون، سەردانی بەغدا بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەجێندای شاندەکە چڕ و پڕ دەبێت و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دەدەن.

 تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش تاوتوێکردنی دۆسیە هەستیارەکان دەبێت، بەتایبەت دۆخی سیاسی، ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و پرسە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەکان، کە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی پابەندبوونی ئەمریکا بە دۆسیەی عێراقەوە.

 
Fly Erbil Advertisment