شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکات
کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا شاندێکی بنێرێتە دوورگەی ئیمراڵی بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات.
ئەمڕۆ هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە.
مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، نوعمان کورتوڵمووش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: "لەم کۆبوونەوەیەدا گوێمان لە هەموو چوارچێوە پەیوەندیدارەکان گرتووە سەبارەت بە پرۆسەی داهاتوو، بە تایبەتی ئەوانەی لە ماوەی حەڤدە دانیشتنی ڕابردوودا باس کراون".
کورتوڵمووش ڕوونیشیکردەوە، دەنگدان لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە بە نهێنی بەڕێوە دەچێت.
لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بڕیار درا شاندێکی کۆمیسیۆنەکە، بۆ مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات.
بە پێی هەواڵی مێدیاکانی وڵاتەکە، هەر یەکە لە ئەندامانی حزبەکانی پارتی داد و گەشەپێدان، مەهەپە و دەم پارتی، لە پەرلەمان، بە بەڵی دەنگیان دا بۆ مەبەستی چوونی شاندێک بۆ دوورگەی ئیمراڵی، بەڵام ئەندامانی جەهەپە بەشدارییان لە دەنگدانەکە نەکرد.
دەنگدانەکە بەم شێوەیە بوو:
32 ئەندام پەرلەمان بە بەڵی دەنگیان دا.
2 لە ئەندامانیش بە نەخێر دەنگیان دا.
3 لە ئەندامانیش بە بەڵی و نەخێر دەنگیان نەدا، بەڵکوو بێلایەنییان هەڵبژارد.
تا ئێستا ئەم ناوانەی خوارەوە ئەندامی شاندەکەن بۆ دوورگەی ئیمراڵی:
لە پارتی بزووتنهوهی نهتهوهیی توركیا (مەهەپە)؛ فەتی یەڵدز.
لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)؛ گوڵستان کۆچییت.
بەڵام پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وێڕای بەشداریینەکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە ڕایگەیاند: کە نایەوێت سەردانی ئیمراڵی بکات و، ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنیش دەربڕی.
